شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: بووکی دنیا وەک دەڵێن وا بێحەیا و بێفەڕ نەبوو بووکی دنیا وەک دەڵێن وا بێحەیا و بێفەڕ نەبوو هێندە دامەنهەڵکراو و حیز و ماڵانگەڕ نەبوو ڕێی نیشانی ئێمە دا ئەو ڕۆژە ئادەم دەرکرا بۆیەکی ئەم عالەمە بێ شۆڕش و بێ شەڕ نەبوو سۆفی بەم ڕەنگە کە وا گۆشتی براکانی دەخوا حیکمەتە ڕیشی وەکوو جاران درێژ و پڕ نەبوو نیسبەتی ئێمە و ئورووپا قەترە و دەریا نییە بۆچ ئولولعەزمێک بە عەزمی بیعسەتی پێی تەڕ نەبوو؟؟ کێ گەڕی پێ کردبووی تووشی بەڵای خۆتم بکەی ئەو دەمە باسی عەزاب و دۆزەخ و کەوسەر نەبوو ئەی مەهی دوو هەفتە تا شەمس و قەمەر تۆیان نەدی دانەگیرسان ئەو میسالی ئاگر، ئەمیان گڕ نەبوو بەم هەموو تەجریدە وا حاجی دڵی خۆشی نەدی تا لە ئەتوار و قسەی ئەم دەورە کوێر و کەڕ نەبوو ++++++++++++++++++++++