ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٥. دەیڵێم و بێ باکم

هەچێکی بێتە سەر زارم

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەگەرچی بێکەس و زارم

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوی ئاغا بێ بێکارە

جەبوون و قەڵس و لاسارە

دزی و ڕێگرتنی کارە

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

گەلێ بێ فیکر و ئیدراکن

گەلێ بێ خێر و ناپاکن

توخواکەی کامەیان چاکن

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوەندە گێژ و بێ هۆشن

حەیا و نامووسێ دەفرۆشن

لەبۆ ئازادی ناکۆشن

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

خودای ئاغاوەتان قەندە

لەبۆ قەندن هەموو بەندە

بەحاڵی وان دەکەن خەندە

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

نییانە بیری سەربەستی

دەکەن فەخرێ بەژێردەستی

دەڕۆن هەروا بەرەو پەستی

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لە تاڵان و بڕۆ ئازان

لە ڕێگرتن هەموو وریان

درۆ ناکەم بپرسە وان

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوانەی ئێستە سەردارن

جەفاجۆن و ستەمکارن

غوڵامی پووڵ و دینارن

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

بە شەو تا ڕۆژ دەکەن تەگبیر

چ مڵکێکی بکەن داگیر

چ داماوێک بکەن یەخسیر

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لەبەر زوڵم و جەفای وانە

وەتەن یەکبارە وێرانە

هەزار خۆزگەم بەبێگانە

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لە شەرم و شوورەیی مردم

بەخۆم من چۆن بڵێم کوردم

کە ئاغا ئابڕووی بردم

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

منم لاوێکی بێ پەروا

لە کەس باکم نییە بەخوا

ئەگەر ئاغا لە حەبسم کا

ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

پەراوێز edit