ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٣٠. ئارەزووی فڕین

ژین بە یەخسیری و دیلی بێ کەڵکە

بۆیە لەمێژە لە ژینم تێرم

گوزەران بۆ من لەناو ئەم خەڵکە

سەختە، ناخۆشە، چۆنی ڕابوێرم

***

هێزم لێ بڕا تاکەی دەربەرم

لەناو مەینەت و دەردی سەرزەمین

ئەوە بەینێکە کەوتۆتە سەرم

بیری ئازادی و ئارەزووی فڕین

***

بەڵام داخەکەم نیمە باڵ و پەڕ

کە بفڕم، بڕۆم خۆم بدەم نەجات

بچمە شوێنێکی لێی نەبێ بەدفەڕ

لە باوەش بگرم نۆبووکی ئاوات

***

ئەی سروە باکەی بەیانی! وەرە

بە شنەشن و پشووی خۆت توندکە

لەسەر ئەو دونیا نەویەم لابەرە

هەتا دەتوانی ئەمن بڵندکە

***

نانا هەورەڕەش! ئەوڕۆ نەوی بە

لەو بەرزانەوە وەرە بەرەو خوار

کەم کەمە وەرە ڕێکی زەوی بە

لەسەر پشتی خۆت ئەمن بکە سوار

***

ئەوجار هەستەوە بڕۆ بەرەو ژوور

مەوێستە هەتا تەشکی ئاسمان

بمبەرە نیزیک ئاسۆی جوان و سوور

نەجاتم بدە لە کاولی خەمان

شیلان ئاوی - ١٣٢٨

پەراوێز edit