شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: ئارەزووی فڕین سەبارەت: شیلان ئاوی - ١٣٢٨ ژین بە یەخسیری و دیلی بێ کەڵکە بۆیە لەمێژە لە ژینم تێرم گوزەران بۆ من لەناو ئەم خەڵکە سەختە، ناخۆشە، چۆنی ڕابوێرم *** هێزم لێ بڕا تاکەی دەربەرم لەناو مەینەت و دەردی سەرزەمین ئەوە بەینێکە کەوتۆتە سەرم بیری ئازادی و ئارەزووی فڕین *** بەڵام داخەکەم نیمە باڵ و پەڕ کە بفڕم، بڕۆم خۆم بدەم نەجات بچمە شوێنێکی لێی نەبێ بەدفەڕ لە باوەش بگرم نۆبووکی ئاوات *** ئەی سروە باکەی بەیانی! وەرە بە شنەشن و پشووی خۆت توندکە لەسەر ئەو دونیا نەویەم لابەرە هەتا دەتوانی ئەمن بڵندکە *** نانا هەورەڕەش! ئەوڕۆ نەوی بە لەو بەرزانەوە وەرە بەرەو خوار کەم کەمە وەرە ڕێکی زەوی بە لەسەر پشتی خۆت ئەمن بکە سوار *** ئەوجار هەستەوە بڕۆ بەرەو ژوور مەوێستە هەتا تەشکی ئاسمان بمبەرە نیزیک ئاسۆی جوان و سوور نەجاتم بدە لە کاولی خەمان ++++++++++++++++++++++