ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٢٩. گریانی نیوەشەو
شەوانە ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەی شەو
خەڵک نووست و لە چاوی من کەسەر دیسان ڕەواندی خەو

سکووتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیە دادەگرێ
دەڵێی هەر زیندەوارێکی هەیە لەو دێیەدا دەمرێ

لە هیچ لا خشپەیەک نایە، چرای ماڵێکی ناییسێ
بە ئەسپایی لە ماڵ دێمە دەرێ دەخوشم وەکو نیسێ

تەک و تەنیا بە ئارامی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ
بە دڵتەنگی و کز و خەمناکی ڕادەکشێم لەسەر بەردێ

دەکەم جا سەیری ئەستێران و هەڵدەمژم شنەی شەوبا
شەو و بێدەنگی چەند خۆشە، هەمیشە خۆزگە هەر شەو با

وەکو ئاواڵی چاک ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم
هەتا بۆیان بەیان کەم موو بە موو ڕازی دەروونی خۆم

کوڵم هەڵدەستێ ئەو جارە و لەبەر دەردم دەناڵێنم
هەتا ئاوری دڵم دەکوژێتەوە ئەسرین دەبارێنم

شەوانە گەر نەکەم ئەو شیوەن و ناڵین و گریانە
دەسووتێنێ وجوودم ئاگری ئەم جەرگە بریانە

بەڵێ گریانی نیوەی شەو دەکا ناسۆری دڵ مەرهەم
کوڵ و کۆم دادەمرکێنێ و بەجێ دێڵێ دڵی من خەم
شیلان ئاوی - ١٣٢٧

پەراوێز edit