ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٢٤. ڕۆژگاری ڕەش
ئەو ساڵ جێژنەمان تاڵە
دوژمنی زاڵم زاڵە
لاو جێیان سیاچاڵە
دەستی دۆیان بەتاڵە
گاڵتەوگەپ و پێکەنین
شەوداوەت و هەڵپەڕین
جێگای خۆیان دا بە شین
دیسان خەمیان دابەشین
پۆلی جوان و نەشمیلان
دەستەی دەسماڵ تەنزیلان
ئەو ساڵ ناچن بۆ دیلان
نەنگە دیلان بۆ دیلان
بڕا نانی سەرخوانان
گرا لاوی گوێسوانان
کاڵ بۆوە پەنجەی جوانان
کوانێ گەمەی جێ ژوانان؟
وەپاش کەوت خەباتمان
داگیراوە وڵاتمان
تێپەڕی ڕۆژی هاتمان
ڕووخا کۆشکی ئاواتمان
نەهاتی و تەنگانەیە
باو باوی بێگانەیە
خەزری ئەو یەکانەیە
لێمان لە بەهانەیە
بووینەوە دیل و یەخسیر
وڵاتمان کرا داگیر
ڕاوکەر بوونەوە نێچیر
یووسف خرانە ناو بیر
حکوومەت نیزامییە
تۆزێک ئازادی نییە
ئامانجی دوژمن چییە؟
قڕکردنی خەڵکییە
کە شەو داهات دیژبانی
لێمان دەچتە سەربانی
تفەنگی لەسەر شانی
بۆتە ڕۆستەمی سانی
دەڵێ فەرمووی فەرماندەر
لە شامەوە تا سەحەر
هەر کەس لە ماڵ هاتەدەر
(کلکش بکن پسر(
داخرا دەرکی ڕۆژنامە
شکاون نووکی خامە
کوردی نووسین حەرامە
دوژمن دەڵێ بێ تامە
دڕان کاغەز و دەفتەر
گیران شاعیر و نووسەر
کۆمەڵێک بوون دەربەدەر
کۆمەڵێکیش دەسبەسەر
خوێندن بەزمانی خۆمان
سووچ و تاوانە بۆمان
چاپخانە و بڵیندگۆمان
بوونە بەردی بن گۆمان
لەلایەک قات و قڕە
لەلایەک کوشت و بڕە
هەموو کەس حاڵی شڕە
دوژمن نان و دۆ بڕە
ئاژان وەکوو سەگی هار
دەخولێنەوە لە ناو شار
درۆزن و ڕیاکار
دز و جەردە و بەدکردار
بەرتیل خۆر و گورگەمێش
وەک سەگی سەر خۆڵەمێش
چەنە سووک و دەم لەپێش
بەفیشاڵ و کێشەکێش
ئەمنیە وەک داڵ و قەل
بڵاو بوونەوە ناو گەل
کێ ئازایە بڵێ لەل!
هەتا بیکەن شێت و شەل
بۆ خۆیان پێ ڕادەگەن
خەڵکی لە کونەڕەش دەکەن
تا پشووی دێ لێی دەدەن
بەقەمچی وەک خەرەزەن
لە پیاوی ئازا و سەرکەش
لە زەحمەتکێشی بێ بەش
ئاخنراوە کونەڕەش
نابینی کەسێ ڕووگەش
دەستیان کرد بەڕەشبگیر
ناپارێزن جوان و پیر
دێ زڕەی کۆت و زنجیر
هەر لێمان دەسوون شمشیر
پیاوی مازاد و ماڵیات
دەسووڕێنەوە دێهات
دەستێنن دەغڵ و داهات
لە کرما! و ئاغاوات
ئاغا زانی ئەو جارە
ئەو قەندە ژەهری مارە
پێشبینی کاک هەژارە
ئێستا شەق بەخەروارە
قەندی بەزاری تاڵە
دەدا باجی پێنج ساڵە
چاو لێ پۆشین مەحاڵە
کار ئێستا بەگۆپاڵە
نۆشی گیانی بێ هەی گۆڕ
گێژی، گەوجی، لەخۆگۆڕ
با هەر سەری بکا شۆڕ
بۆ دوژمنی مچ و مۆڕ
بەقەند و شەکر و کووتاڵ
بۆ ئێمەی دێنا ڕاماڵ
ئێستا کەوتووە وەک سیپاڵ
لە گشت لا دەیدەن ڕەپاڵ
سواریان کردن پیادە
جامیان کردن بێ بادە
داریان کردن ئامادە
شەهید کران «بەگزادە»
لە سەقز و لە بۆکان
شین و شەپۆڕە و گریان
تێکۆشەر لە دار دران
قارەمان لەناو بران
لە چوارچرای مەهاباد
لە کانگای بیری ئازاد
دەستی ڕەشی ئیستیبداد
چەقاندی داری بێداد
لە کاتی نیوەشەوا
لە جەنگەی شیرن خەوا
کرا کاری ناڕەوا
لە دار درا پێشەوا
ڕۆڵەی وەفاداری کورد
پێشەوای ئارام و ورد
بۆ کورد ژیا، بۆ کورد مرد
گیانی فیدای گەلی کرد
زانا بوو، کوردپەروەر بوو
پێشەوا بوو، ڕابەر بوو
هەر کورد نەبوو بەشەر بوو
خەمی خەڵکی لەبەر بوو
بۆیە دێوی ئیستیعمار
کۆنەپەرستی زۆردار
زاڵم، خوێنڕێژ، بەدکردار
بۆیان ئامادە کرد دار
ڕۆڵەی کوردی بلیمەت
نەترسا لە دار و پەت
پشتی نەکرد لە میللەت
وا دەبێ زیپک و هیممەت
بەڵام کوردە نابەزی
بەو زەبرانە ناتەزی
لە ڕقان لێو دەگەزی
کە سوار بوو دانابەزی
داخدارە، خوێنی دیوە
بێدارە، خۆی ناسیوە
لە دوژمن ڕاپەڕیوە
باسکی لێ هەڵماڵیوە
بەکار و توند و تۆڵە
خۆی ساز دەکا بۆ تۆڵە
ورد دەکا وەک پڕپۆڵە
تاج و تەختی ئەو زۆڵە
کوڕ و کچ و پیاو و ژن
ئێستا لێوان دەکرۆژن
دەڕۆستیان نایە دوژمن
دەی ئەنجنن، دەیکوژن
گردبداغ ١٣٢٦

پەراوێز edit