ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٢٣. کورد و ئازەربایجانی
تێپەڕی ئەییامی دیلی ئێستە هەنگامی ژیانە
خۆی مەڵاس دا مامەڕێوی نۆبەتی شێری ژیانە
هەرچی پێت دەکرێ بکە ئەی دوژمنی خوێڕی و بزانە
باوی لاوی کورد و تافی گەنجی ئازەربایجانە
خۆی لە خوێناودا دەبینێ هەر کەسێک دوژمن بەوانە
با لە قوڕ نیشێ و لە هەش نێ دوژمنی وان پیل و شانی
چونکە ئەوڕۆ یەکتری گرت کورد و ئازەربایجانی
ئەوکی ئیستیعماریان گرت وەک بەڵاکەی ناگەهانی
تازە بەربوونی مەحاڵە تا نەدا یەکجاری گیانی
سوحبەتی پێ ناکرێ پەنجەی بەهێزی ئەو دوانە
ئەو کەسەی چەندێک لەوەی پێش لێی دەدا لافی خودایی
نەیدەهێشت ئێمە هەمانبێ قەت لەگەڵ یەکتر برایی
کوانێ لەکوێیە ببینێ پۆلی پێشمەرگە و فیدایی؟
تێ بگا نای بێ لەدەست ئەو نۆجوانانە ڕەهایی
ئەو کوڕی سمکۆی دلێرە، ئەو نەوەی سەتتارخانە
لاوی ئازای کوردەواری نێرە شێری کاتی جەنگە
گەنجی ئازەربایجانی وەک پڵەنگی تیژ چەنگە
تێگەیشتن نۆکەری بێگانە بۆ وان عار و نەنگە
پەنجەیان ئێستا لەسەر شیرە، لەسەر ماشەی تفەنگە
هەر بەئاستەم بێتە ڕوو بێگانە دەکرێتە نیشانە
کۆشکی زۆرداری جمیوە، هەر نەماوە زوڵم و بێداد
وەک بەهەشت خەمڵیوە خاکی پاکی کوردستانی ئازاد
موڵکی ئازەربایجانیش بۆتەوە مەعموور و ئاباد
دوژمنی بێگانە بتبینم هەمیشە پەست و ناشاد
چۆن ببوویە باعیسی وێرانی ئەم دوو خاکە جوانە
کورد و ئازەربایجانی هەردوو داوایان ڕەوایە
هەر بژین و پایەداربێ یەکیەتی ئەم دوو برایە
میللەتی ئێمە هومێدی زۆر بەکاری پێشەوایە
ئەو کوڕە ئازا و نەبەرد و مەردە بۆ میللەت قەڵایە
دەک بمێنێ تا ئەبەد ئەو کوردە زانا و قارەمانە
تەورێز - ١٣٢٥/٢/٦

پەراوێز edit