ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٢٥. کچی مەهاباد
لەباری، نازەنینی، نەرم و نۆڵی، دڵتەڕی، شادی
لە چاوی بەد بەدوور بی ئەی کچی جوانی مەهابادی

لە جوانیدا، لە پاکیدا، نییە هاوتات و نازانم
فریشتەی ئاسمانی یانە پەروەردەی پەریزادی؟

سەری کوڵمت گەشە هەروەک گوڵی کوێستانی کوردستان
لەبەر بەژنت دەبێ سەر دانوێنی خەڵفی شمشادی

دڵی سەد عاشقت کردە نیشانەی تیری موژگانت
کچی کوردی لە تیر ئاویتنا مەعلوومە ئوستادی

بە شمشیری دوو ئەبرۆت جەرگی خەڵکی لەت دەکەی دیارە
دەزانی چەک لەکار بێنی، کچیش بی تۆرمەی مادی

لە سوێیانت وەها دێوانە بووم چاومەستی خوێن شیرن
لە قەڕنی بیستەما ڕەنگە ڕەچاو کەم کاری فەرهادی

ئەوێستا تۆ لەوێ دیلی دەسی بێگانەی و ئەمنیش
لە دووری تۆ دەکێشم ڕەنج و دەرد و داخی بێ مرادی

زەمانە (هێمن)ی تۆی وێڵی دەشت و چۆڵ و سەحرا کرد
فەرامۆشی مەفەرموو، جاروبارە هەر بکە یادی
شیوە ڕەزان - ١٣٢٦

پەراوێز edit