عیلاجی دەردی بێ دەرمانی من هەر لوتفی جانانە
بەڵێ ئەو خۆی حەکیمە لوتفەکەی دەرمانی دەردانە
مەلوول و زار و بیمارم بەسەد عیللەت گرفتارم
خودا ڕەحمێ بە حاڵم کە کە عەیشم عەینی نوقسانە
عەجاییب مەجمەری سینەم بە سۆز و تابش و تابە
وەکوو قومری دەناڵێنێ دڵەی مەحزوون و دیوانە
لەلای خۆم تەبعی عالیم بوو، لەلای خۆم فکری «نالیم» بوو
ئەمێستا شیعری بێ مەعنان دەڵێی وەک جیسمی بێ جانە
لەلام بێ ساقیی سادە کە پێی بێ ساغەری بادە
کە گۆشەی چاوەکەی بادا دڵم دێنێتە جۆلانە
کوانێ موتریبی خۆشگۆ، کوانێ ساقیی دڵجۆ
بەبێ نەی نەزمەکەم سستە، بەبێ مەی دڵ کە حەیرانە
دەناڵێنم وەکوو بولبول لە داغی بێ وەفایی گوڵ
ڕەوانە نەزمی وەک دوڵدوڵ وەلێ خاترپەرێشانە
بە مەجمووعی وەرە ساقی بنیشین پێکەوە ساتێ
دڵی زارم پەرێشانە وەکوو زوڵفت کە پەخشانە
وەکوو شەعری لەف و نەشرت هەموو شێعرم موشەووەش بوون
هەتا بێم و دووسێ شێعرێ بڵێم بۆ ئەم جەنابانە
دڵا تاکەی بە بێهۆشی دەنۆشی مەی بە خامۆشی
لە گۆشەی غەم هەڵستە وەختی سەیرانی خەیابانە
عەجایب مەدرەسەی ئێمە بە بەزم و ڕەزم و ئاهەنگە
ئیلاهی بەرقەراری کەی تۆ ئەم بەزمی فەقێیانە
جەنابی زاتی مەولانا فەریدی دەهرە ماشەڵڵا
وەحیدی عەسرە لەم عەسرە بعەینە عەینی نوعمانە
لە هەیئەتدا، لە حیکمەتدا، لە ئادابی تەریقەتدا
لە ئەحکامی شەریعەتدا، لە مەنتیقدا دوڕئەفشانە
جەنابی ئەم زهووری بوو، زەهئاوی ناویشی ون بوو
نەزیر و شیبهی مەعدوومە میسالی غەیرە ئیمکانە
زبانی من کلیلە بۆ کلیلی بابی ئەم مەدحە
ئەگەرچی فیلمەسەل فەتتاحی بابی عیلم و عیرفانە
حەریقی شێعرەکانی تۆ هەموو وەک مورغی بێ باڵن
لە عیشقا باڵییان سووتا بە میسلی باڵی پەروانە