ئاڵەکۆک

حەریق add_a_photo
حەریق غەزەل
٣٨. دڵی غافڵ
خەیاڵت مونحەسیر بوو ئەی دڵەی غافڵ لە دنیایە
نەدامەت بوو نەتیجەی ئاخری ئەم شۆر و غەوغایە
ئەوا لازم بوو سەرخۆشی، لە تۆ ئەی دڵ کە سەرخۆشی
بە بادەی غافڵی بێهۆشی دەردت قەت شیفای نایە
عەجەب بۆت بۆتە زستان زەمهەریری باری عیسیانت
کە شک نابەی چ سەرمایە، دەڵێی وەی وەی چ سەرمایە
بە دەستی دێوی نەفسم دڵ وەکوو مورغی بێ پەڕ، وایە
وەکوو پەروانە بۆ شەمعی تەلەسمی ئەو، بێ پەروایە
کە تفڵی عیشقی بێ مەشقم لەنێو بازاڕی سەودایە
بە ئەو سەودایە سەرخۆشە دەڵێ کارم لە سەودایە
هەتا شەیتان مودەببیر بێ، موئەددیب نەفسی زاڵم بێ
عەجەب کەوتۆتە دەست زاڵم ئومورت عەینی زوڵمایە
خودا ڕەببی نەجاتم دەی لە دەس ئەم دێوی بێڕەحمە
کەوا وەک دوژمنی خوێنی بەدایم لێم بەداوایە
خەیاڵاتت هەموو پەشمە وەکوو ڕیس و گوریس وایە
هەچی دەیکەی دەڵێن هەی هەی فڵانی چەندە ڕیسوایە
کە خاڵی بێ دڵی عاشق لە بادەی حوببی مەعشوقی
بەخۆڕاییت نەوێ چاکە وەکوو شیشەی شکاو وایە
مەبە تالب بە زوڵفەینی بە میسلی شکڵی لا وایە
ئەگەر لەولایە خۆت لادەی لەلام تەحقیقە ئەولایە
لە قاپی ئاستانەی موڕشیدی ئەڕشەد «عەلی عالی»
لەوێ ڕووحت فیدا کە تۆ نەجاتت هەر لەوێ دایە
وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی ئەو کە موشتاقم
بە تەسویری حەریقم هێندە سۆزی ئەو لە دڵدایە

پەراوێز edit