ئاڵەکۆک

حەریق add_a_photo
حەریق غەزەل
٢٠. تاوی گریان
لە ئەم عیدە بەعیدم من لە دیداری ڕەفیقانم
خودا سا تۆ قەریبم کەی لە خوانی وەسڵی یارانم
لەلایێ عیشرەت و شادی، لەلایێ گەردن ئازادی
ئەمن کەوتوومە نێو داوی حەریقی ناری هیجرانم
سەرم قوربانت ئەی ساقی کە تۆ سادەی، وەرە، سا، دەی
فیداتم دەستوبردێ کە ئەجەل نەک بێ بە میوانم
دڵم کەوتۆتە زوڵمات و دەڵێ پێم خۆشە تاریکی
بە تارێکی سەری زوڵفت هومێدم ماوە وەبزانم
خودا عومرت بدا باقی، وەرە ساقی بدە ڕاقی
کە تۆ هەمڕازمی مەی بێنە بۆ دەرمانی دەردانم
هەتا کوفری سەری زولفت ببینم وا لەنێو کوفرام
کە دیتم شەمعی ڕوخسارت دەڵێم ئۆخەی موسوڵمانم
بە ڕەنگی ئەشکی خوێنینم کە ڕووسوورم لە قاپی حەق
لە فەیزی تۆوەیە ساقی بەجۆشە تاوی گریانم
بە خوێناوی دڵی زارم وەرە کاکۆڵ حەنایی کە
مەڵێ ڕاوەستە تا قوربان، لە عیدەینا بە قوربانم
لەنێو ئاتەشکەدەی غەمدا کەبابی دڵ ئەوا برژا
شەڕاب بێنە بە پەیمانە تەواوە عەهد و پەیمانم
شوکر وەسڵم هەیە ئەمڕۆ لەگەڵ پەیکان و تیغی تۆ
کە کوشتەی تیری موژگانم، کە چاکی تیغی حیرمانم
کوتت دانەی خەیاڵت بێنەرە نێو داوی زولفەینم
ئەگەر دەیکەم پەرێشانم، ئەگەر نەیکەم پەشیمانم
سەفی تابووری موژگانت لە قەلعەی دڵ کە جێگیر بوو
هەتیوی دڵ نەما جێگەی لەبۆکوێ ڕۆیی نازانم؟ !
حەریقی تەرکی یار ناکەم سەرم ببڕن ئەگەر فەڕزەن
نییە باکم لەبەر تەعنەی موریدی پیری ڕەندانم

پەراوێز edit