ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع چوارباخی پێنجوێن
٩. پێنج‌خشتەکی لەسەر شیعری فایەق بێکەس
ئەیوەتەن! ئەمجارە نەمرم بەم دڵەی نەسرەوتەوە
گەر نەجاتم بوو لەدەس ناوچاوی لار و چەوتەوە
بۆ نەجاتی تۆ بە وەڵڵا دەچمە گێژی مەوتەوە
«ئەیوەتەن! مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیر کەوتەوە
وەختی بەندیی و ئەسارەت پێ بەتەوق و کۆتەوە»

تۆ نەڵێی من بێ وەجاخم، قەت خەیاڵی وا نەکەی!
تیر و تانەی سارد و سڕ، هەرگیز لە لاوانت نەدەی!
قەت مەفەرموو ڕۆڵەکانم نووستوون، وا زەن نەبەی!
«من لە فیکر و بیری تۆ غافڵ نەبووم، وا تێنەگەی،
حەپس و تێهەڵدان و زیللەت، تۆی لە بیر بردۆتەوە؟»

دەستەدوعای تۆیە بەخوا، ئەو کەسەی وا زاهیدە
نووکی خامەی شاعیرانت، بۆ زەلیلیت شاهیدە
دەم بە دەم هەر وا ئەڵێ بۆ تۆ ئەوەی وا عابیدە
«بەو خوایەی لامەکان و بێ شەریک و واحیدە
عەشقی تۆ جۆرێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە»

هێندە سەرگەرمە کوڕت، کاتێ کە سەر دێنێتەدەر
پێ لە خوێنی خۆی ئەنێ، دەربەس نییە بۆ ڕۆح و سەر
ئاگری تێ چوو بەجارێ، کەوتە سەر شین و چەمەر
«ئاگرێکی وا هەزارساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر
قەت گڕ و کڵپە و بڵێسەی، تا ئەبەد ناکوژێتەوە»

ئەیوەتەن پارەپەرەستی بوو کە ئێمەی کرد بەپەن
ڕۆژهەڵات و ڕۆژنشینت، تانەمان وا لێ ئەدەن
تۆش نەڵێی ئێمە ئەزانین خەزنەکەت بۆ کوێ ئەبەن
«باسی مەحزوونی و کەساسی خۆت نەکەی، توخوا وەتەن
چونکە بەو باسە برین و زامەکەم ئەکولێتەوە»

لاوەکەم! نووکی قەڵەم دڵ دوژمنی پێ هەڵدڕە
گەر قەڵەم شیوەن نەکا، خەڵفە نەمامێکی زڕە
ئەیوەتەن! حەڵقەی کەلەبچەی دەست و پێت سا هەڵچڕە
«ماتەمینی تا بەکەی! دەی پێکەنە و سەر هەڵبڕە
مفتەخەر بە، شۆرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە»

مژدە بێ وا چاوی کردۆ، کۆمەڵی لاوانی تۆ
سەیری مێژووکە و بخوێنە، دەفتەر و دیوانی تۆ
بێنە بەرچاوت ئەساسی دەبدەبەی بابانی تۆ
«نەگبەتی لاچوو، سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ
کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە ئەدرەوشێتەوە»

ئەیوەتەن! تۆ خۆشی دڵم و هێزی ئەژنۆ و باڵمی
تۆ چرای ڕووناکی دەردی ژینی ترش و تاڵمی
بێ درۆ تۆ تاجی فەخر و سێبەری ئیقباڵمی
«گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی
نەوبەتی شادیتە ئەمجا، ناحەزت لێک‌بێتەوە»

ئەی گەلی پاشکەوتوو بەسیە! شینی بێ هەڵمەت چییە؟
بێ تەکان سەدساڵ بگریەی، بێ سەمەر داری بییە
هەر نەمامێ تۆ بەخوێن ئاوی نەدەی دڕکی (زی)یە
«لافی میللیەت بەدەم لەم عەسرەدا کەڵکی نییە
ڕۆژی هەوڵە، هەر بەهیمەت گۆی هونەر ئەبرێتەوە»

ئەیوەتەن! من بلبلی گوڵزاری کوردستانتم
بێتە ڕۆژی سەربڕین، سەربازی ڕووی مەیدانتم
ڕۆحەکەم پێشکەش ئەکەم، وەک قۆچەکەی قوربانتم
«بەسیە تەعنەم لێ مەدە، هەر ڕۆڵەکەی جارانتم
هێندە حیلمت بێ هەتاکوو دەست و پێم ئەکرێتەوە»

باڵی هەڵماڵی لەڕێتا سەربەسەر شاهـ و گەدا
هەر کەسێ بۆخۆی بە تەنیا سەر لە ڕێی سڕتا ئەدا
گوێ گرە بۆ خواروژوور چۆن گشت ئەڵێن لەم کاتەدا؟
«شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ، گەر خوا دەستم بدا
دوژمنت پەت کەم وەکوو سەگ، بیخەمە ژێر پێتەوە»
ئەی وەتەن مەفتونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە
وەختی بەندیی و ئەسارەت، پێ بەتەوق و کۆتەوە

من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم وا تێ نەگەی
حەپس و تێ‌هەڵدان و زیللەت تۆی لەبیر بردۆتەوە

بەو خووایەی بێ شەریک و لامەکان و واحیدە
عەشقی تۆ نەوعێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە

ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر
قەت گڕ و گڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە

باسی مەحزوونی و کەساسیی خۆت نەکەی توخوا وەتەن
چونکە بەو باسە برین و زامەکەم ئەکولێتەوە

ماتەمینی تابەکەی، دەی پێکەنە و سەر هەڵبڕە
موفتەخیر بە شوهرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە

نەگبەتی لاچوو سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ
کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە ئەدرەوشێتەوە

گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی
نۆبەتی شادیتە ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە

لافی میللیییەت بەدەم لەم عەسرەدا کەڵکی نییە
ڕۆژی هەوڵە هەر بەهیممەت گۆی هونەر ئەبڕێتەوە

بێ قوسوورە چەند جەسوورە سەد شوکر ئەولادەکەت
وا لە ڕێی تۆدا لە خوێنا سەیری چۆن ئەتلێتەوە

بەسیە تەعنەم لێ مەدە هەر ڕۆڵەکەی جارانتم
هێندە حیلمت بێ هەتاکو دەست و پێم ئەکرێتەوە

شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ گەر خودا دەستم بدا
دوژمنت پەت کەم وەکو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە...

«فایەق بێکەس»
دیوانی قانع، چوارباغی پێنجوێن، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، چاپی یەکەم ١٣٨٨ هەتاوی سنە، لاپەڕە ٢٣١ـ٢٣٣.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit