ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع چوارباخی پێنجوێن
٨. کۆتر و ڕاوچی
ڕۆژێک دەروێش ئەوڕەحمان
ساچمەزەنی کردەشان

کوولەکەی بەستە کەمەر
بۆ ڕاو لە دێ هاتەدەر

ساچمەزەنی گرتە مشت
دوو سێ نانی بەستە پشت

تاوێ سەرشان، تاوێ شیو
تاوێ چاڵایی نەدیو

تاوێ لە دەشت، تاوێ دۆڵ
ئەسووڕاوە چۆڵ بە چۆڵ

ڕوانی دارێ بەرز و جوان
سەوز و گەش و گەڵاپان

باڵا بەرز و بن قەوی
بوو بوو بە چەتری زەوی

کاتیش کاتی هاوینە
خۆرەتاو زۆر بەتینە

ڕاوچی بەدبەخت و غەددار
لایدا بۆ سێبەری دار

دانیشت وەنەوز ئەیبردۆ
کیسەی لە پشتێن کردۆ

سەبیلێکی لاشکاو
بە بنێشت پینەکراو

سەبیلی بادا تەواو
دەری هێنا ئەستێ و قاو١

ویستی کە دایگرسێنێ
ئارەزووی پێ بشکێنێ

کاتێ ئەستێی دا لە بەرد
کۆترێکی دەنووک زەرد

کەوتە خوێندن لەسەر دار
هەر وەک بولبولی بەهار

لەگەڵ بێچوولەکانی
دەسیان کرد بە گۆرانی

بەدەنگێکی نەرم و نۆڵ
هەموو پێکەوە بە پۆل

ئەیان وت: بژی وڵات
گشت کەس بگا بە ئاوات

کۆتر، ئەیووت بە بێچوو
دووبارەی ئەکرد زوو زوو

بڕوانن بۆ ئەم دارە!
چ مەڵبەندێ نازدارە

ڕۆڵە! یاخوا گشت وڵات
دوور بێ لە زوڵم و ئافات

ئەوڕەحمانی خوا گرتوو
گوێی لە دەنگی کۆتر بوو

بێ‌ئینسافی مل‌قەوی
سەبیلی نایە زەوی

بە سووک نەوی لە تفەنگ
مشتی لێ گرت بە بێدەنگ

ڕەحمی نەکرد بە بێچووی
تازە لە هێلکە دەرچووی

تفەنگی هێنا سەرپێ
تەقانی و کوشتی لەجێ

ساچمە ئاژین بوو لە دار
کۆتری پێکراو کەوتە خوار

بە زمانی حاڵ هاتە زمان
وتی: ڕاوچی بێ ئیمان

بۆچی وات کرد بە حاڵم؟
بۆچی شکانت باڵم؟

بۆچی لە بێچووت بڕیم؟
بۆچی جەرگت هەڵدڕیم؟

بۆچی لە گیانی شیرین
بێ بەشت کردم لە ژین؟ !

وەک تۆ ژینت لا خۆشە
دڵ منیش بۆی پەرۆشە

ئەوا خۆم هیچ بێچوەکان
بێ خۆم چی بکەن لە هێلان؟ !

لە عومرا زۆر مناڵن
هێشتا بێ پەڕ و باڵن

چۆن بژین؟ چۆن بمێنن؟
لە دەوری کێ بخوێنن؟

ئەی کافرەی بێ‌ئیمان
چی بکەن بێ‌کەس لە هێلان؟ !

ئەشێ چی بێ گۆشتی من؟ !
وا لیم بوویی بە دوژمن

گۆشتی من دە مسقاڵە
ئەویش زۆر تورت و تاڵە

ئەو گوللـەیە تەقانت
بە دڵ منا چەقانت

ئەی خوێنمژی هەژار خۆر
ئەی ملهوڕی خاوەن زۆر

ئەگەر بتدایە بە گۆشت
گۆشتی زۆرتر ئەکرد بۆت

ئەگەر ڕاست ئەکەی پیاوی
یا وەک مانگا نەزاوی

هەڵچوو لە خۆت بەرەو ژوور
بکوژە نزیک تا دوور

ئەرنا لە خۆت بەرەو خوار
هەی بێ‌حەیای شەرمەسار

ئەوە کام دین؟ کام ئایین
بە تۆ ئەڵێ ئافەرین؟ !

بۆ هەر کەسێ کە کەسە
یەک تیری تانە بەسە

ئەگەر خاوەن حەیابی!
لە دنیا تاکوو مابی

ناچی بە گژ هەژارا
تفەنگ ناخەی بە دارا
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع.
کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٤٩٦ تا ٤٩٧.
دیوانی قانع، چوارباخی پێنجوێن، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ١٩٤ تا ١٩٦.

پەراوێز edit