ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع چوارباخی پێنجوێن
١١. خۆزگە خۆزگەی قانع
خۆزگەی (١)
خۆزگە من ڕۆژێ ئەبووم بە مەئموور
ئەهاتن بۆلام، نزیک تا لە دوور

ئیشیان پێم ئەبوو لە چاک وخراپ
ڕام ئەکێشانە پای حەق و حیساب

ئاخۆ ناوچاوم لە کەس گرژ ئەکرد؟
دەستی تەماعم بۆ هیچ کەس ئەبرد؟

یا ئەموت ئەمە هەژاری هۆزە
لەمن زیاتر دڵسۆزی کۆزە

بەهۆی چوار واوە منیش پیاوم
دانیشتووی کورسی و خاوەنی ناوم

هەژاری خۆمە با نەیفەوتێنم
بە خوت و خۆڕایی دڵی نەشکێنم

گەر ئیش کەین بۆ یەک، گەورە تا بچووک
ئەگەینە هەوار زۆر بە سەهل و سووک

خۆزگەی (٢)
خۆزگە من حاجی یان توجاڕ ئەبووم
ئاشنای لادێ و خەڵکی شار ئەبووم

کۆتاڵ و چایی و شەکر بە فەردە
ئەمفرۆشت بە خەڵک بە هۆقە و یەردە

ئاخۆ هۆقەکەم قورس ئەبوو یا سووک؟
تەنەکەی دەغڵم گەورە یا بچووک؟

میترم ڕووسووری لای یەزدان ئەبوو؟
ئایەرەم تەواو یا نوقسان ئەبوو؟

ئەگەر هەژارێ باوەڕی بوو پێم
چیتم پێ ئەدا بە نەرخی کرێم

ئەم وت بەو مەکە کە چوومە ناوی
نەمخڵەتانووی چاکم پێداوی؟

قەسەم بەو قوڵفەی دەسم پێ گرتوە
ماڵی هیچ کەسم بەفیڵ نەبردووە؟

یا ئەموت ئەمە هاوخوێنی خۆمە
ئەگەر پینەچی یا وەکوو دۆمە

هەردوو هاوزمان، هەردوو هاودینین
هەردوو زایندەی یەک سەرزەمینین

بانەیخڵەتێنم کۆنە بە تازە
قازانجیش خۆشە بەڵام ئەندازە

خۆزگەی (٣)
ئاخ، تەبیب ئەبووم لە خەستەخانە
ئەهاتن بۆ لام خوێش و بێگانە

بۆ وردبوونەوەی نەخۆشی هەژار
قەت وەرم ئەگرت درهەم و دینار؟

ئەمووت بە [تادار] دەخیل [ئیسقا]تە
فریای خۆت کەوە ڕۆژی نەجاتە؟ !

یا ئەموت ئەمە بەبێ پارەیە
گیرۆدەی زاڵم، زۆر بێچارەیە؟

چاک وایە کە من دەرمانی بکەم
هەتا پێم ئەکرێ هەوڵی بۆ بدەم

چوون مردنی ئەو، مردنی منە
گورزی تەنگانەی جەنگی دوژمنە

بە بۆنەی چواری وەهاوە پیاوم
ئەگەر ئەو نەبێ، کەی خاوەن ناوم؟

خۆزگەی (٤)
خۆزگە من ئاغای خاوەن دێ ئەبووم
خاوەن دەسەڵات شوێن و جێ ئەبووم

ئاخۆ هەژارم ئەبردە بێگار؟
یان ڕۆژ نەڕۆژێ، ئەم کێشایە دار؟

ئەموت بانگی کەن ئەو توولە بابە
ئیش و فرمانی بۆچی خرابە؟

پارەم وەر ئەگرت بەهۆی ئاغانە
کاتی ژن هێنان ڕەسمی سوورانە؟

یا ئەموت ئەمە پایەی دەوڵەتە
خەزینەی من و بازووی میللەتە؟

ئەو بنکی داره، من لقی دارم
ئەگەر ئەو ببڕن من سەرەوخوارم

ئەو بە هاوینا غیرەت ئەنوێنێ
تک تک ئارەقی ناوچاو ئەڕژێنێ

نان پەیدا ئەکا بۆ دیوەخانم
ڕۆن کۆ ئەکاتۆ بۆ سفرە و خوانم

با خۆشم بوێ تەواوی نەکەم
بەردی داماوی لە ئەژنۆ نەدەم
دیوانی قانع، چوارباخی پێنجوێن، کۆکردنەوە: خەلیفە شوکروڵڵا، لاپەڕە ٢٤٣و٢٤٤.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit