ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع شاخی ھەورامان
٦. وەسیەتی قانع بۆ وریای کوڕی
وریا سه‌د ئامان دایم وریا به
بۆ هه‌موو که‌سێ چەشنی برا به
نه‌ شێخ، نه‌ سۆفی، نه‌ مامۆستا به‌
ئارەق بڕێژە و ڕوو لە هیوا به‌
* * *
ڕۆڵه‌ هه‌رکه‌سێ نانی خه‌ڵقی خوارد
وه‌کیلی سواڵی بۆسه‌ر خه‌ڵقی نارد
بۆ ڕۆن، بۆ شه‌کر، بۆ پاره‌، بۆ ئارد
یاخوا بمێنێ به‌ هه‌ناسه‌ی سارد
* * *
چه‌ند خۆشه‌ کوڕم‌ ئاره‌ق بڕژێنی
له‌ده‌شت و ده‌را غیرەت بنوێنی
نانی سه‌پانی خۆت به‌ده‌ست بێنی
ڕیشه‌ی ته‌مبه‌ڵی له‌ بن ده‌ربێنی
* * *
چاکی و پیاوه‌تی به‌رمه‌ده‌ له‌ ده‌س
بۆ هاشەوهوشه‌ گوێ مه‌ده ‌به‌ که‌س
وه‌نیه‌ تۆ که‌و بی و ئه‌م دنیا قه‌فه‌س
بڕۆ هه‌ر لایه‌ که‌ ئاره‌زوت هه‌س
* * *
ڕۆڵه‌! پیاوێکی ته‌واو پیاو بیت
له‌ناو مێژوو دا خاوه‌نی ناو بیت
بۆگه‌ل‌ و هۆزت ده‌روون سوتاو بیت
نه‌ک وه‌کوو یارۆ شێتی دراو بیت
* * *
نه‌ به‌رتیل‌خۆر به، ‌ نه‌ دوعانووس به‌
نه‌ نۆکه‌ر ئاغا بۆ نانه‌‌خووس به‌
نه‌ شێتی کچان نه ‌شه‌یدای لوس به‌
دوژمن به‌گیانی ده‌سته‌ی جاسوس بە
* * *
رۆڵه‌ به‌دایم ڕووکه‌ره‌ خوا
هه‌رچی گا کێڵای، نابێ گا بیخوا
نیوه‌ی ده‌س‌ڕه‌نجت، هه‌ر بۆ بێ‌نه‌وا
خۆت ڕسوا مه‌که‌ بۆ کراس و که‌وا
* * *
ڕۆڵە! هەر کاتێ کەوا من مردم
لە ناو گۆڕخانە تەسلیمت کردم
مەڕوانە بۆ ئەو ڕەنجە من بردم
مەڵێ من تورکم وەکو تۆ کوردم
* * *
هێنده‌ بخوێنه‌ که‌ خوێنده‌وار بی
له‌ناو کۆمه‌ڵ‌دا‌ زرنگ و هۆشیار بی
به‌ناوی چاکه‌ تۆزێ دیار بی
چ له‌ لادێ بی یا خۆ له‌ شار بی
* * *
ڕۆڵه‌! سه‌د ده‌خیل مه‌لایی مه‌که‌
ئیشی چاوشۆڕی و ڕسوایی مه‌که‌
درۆ و ده‌له‌سه‌ی خۆڕایی مه‌که‌
خۆت به‌ مه‌حکوومی ئاوایی مه‌که‌
* * *
ڕۆڵه‌ هه‌رکه‌سێ که‌ هۆشیار نه‌بێ
بۆ گه‌ل و هۆزی خزمه‌تکار نه‌بێ
ئه‌گه‌ر برات بێ له‌ لات یار نه‌بێ
دڵت بۆ ئیشی بریندار نه‌بێ
* * *
ڕۆڵه‌ نۆکه‌ری بۆ ئاغا مه‌که‌
کڕنوش بۆ خانم بۆ کوێخا مه‌که‌
له‌ شێخ و سۆفی مه‌ڕحه‌با مه‌که‌
به‌ درۆ و چاوەڕاو نان په‌یدا مه‌که
* * *
رۆڵه‌ ته‌ماکار مه‌گره‌ به‌برا
خۆت بسوتێنه ‌و ببه‌ به ‌چرا
بۆ سوودی هۆزت ده‌س که‌ به ‌هه‌را
درۆ و ده‌له‌سه‌ی ناپیاو دەرخرا
* * *
ڕۆڵه‌ عیسایی یا خۆ مووسایی
مه‌چۆ به‌گژیا هه‌ر به‌ خۆڕایی
هه‌تا ئه‌توانی به ‌دڵنه‌وایی
بیهێنه‌ سه‌ر ڕێ، ڕێگه‌ی برایی
* * *
چون ڕۆژێ ئه‌بێ که‌ به‌ کارت بێ
بۆ باری شانت که‌ خه‌مخوارت بێ
له‌ خه‌م خواردنا ئه‌ویش یارت بێ
وه‌ک برای پشتی هه‌ر هۆشیارت بێ
* * *
ڕۆڵه‌ من داییم نامێنم بۆ تۆ
هۆشت به‌ خۆ بێ، نه‌بی ڕه‌نجه‌رۆ
به‌ هووشه‌ی زۆردار، مه‌به‌ ده‌سخه‌ڕۆ
له‌سه‌ر خوو و ڕه‌وشت پیاوانه‌ بڕۆ
* * *
ڕۆڵه‌ من زه‌مان یارمه‌تی نه‌دام
هه‌لێ هه‌ڵ‌نه‌که‌وت بگه‌م به‌ مەڕام
داییم گه‌ردن که‌چ کڕنۆشی سه‌لام
لاره‌مل به‌ر ده‌م ئاغا و مام کوێخام

نووسین: کەماڵ ڕەحمانی
دیوانی قانع، شاخی هەورامان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٥ و ٣١٥ و ٣١٦.
پێداچوونەوە: بورهان ئەمینی

پەراوێز edit