ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع شاخی ھەورامان
٥. وەرامی شاخی هەورامان
وتی: ئه‌ی «قانع»، له من بێکه‌س‌تر
له من داماوتر، له من بێ‌ده‌س‌تر

بۆچی لێت پرسیم؟ ده‌ردم گرانه!!
وا من پێت ئه‌ڵێم، زۆر چاک بزانه

ته‌ماشا ئه‌که‌م، به‌رزه ده‌ماخم
له ناو شاخانا، سه‌ر گه‌وره‌ی شاخم

نه تانک و نه تۆپ، ئیشم تێ ناکا
به سه‌د ته‌یاره، به‌ردێک لا نابا

مامۆستام نیه، به لاو بخوێنێ
ئه‌ولاده‌کانم، بۆ تێگه‌یێنێ

پزیشکم نه‌دی، من له عۆمری خۆم
وه‌سام تیا نه‌بوو، جگ له جۆڵا و دۆم

جێی کشت‌وکاڵم، تا بڵێی که‌مه
به‌ڵام پرچ و ڕیش، تا بڵێی هه‌مه

له هاڵ و شه‌وه‌ و، خێوی سه‌ر کانی
جنۆکه‌ی زل‌زل، دێوی شه‌یتانی

مه‌کته‌بێک نه‌بوو، ئه‌مانه لابات
زانینی ڕاستی، تێدا په‌یدا کات

منیش پێش که‌وم، وه‌ک باقی یاران
به جێ نه‌مێنم، له گه‌ڵ هاوسه‌ران

ئه‌وسا بنازم، بڵێم من شاخم
شاخی هه‌ورامان، به‌رزه ده‌ماخم

باوه‌جوود هه‌تا، ده‌وران وه‌ها بێ
خه‌مخۆرێ بۆ من، قه‌ت په‌یدا نابێ

ئه‌گه‌ر له ناو من، لا به‌ی نه‌زانین
ئه‌بم به به‌هه‌شت، سه‌رانسه‌ر زه‌مین

بێ ته‌ماشام که، له کاتی به‌هار
گۆڵی ڕه‌نگاو‌ره‌نگ، له یه‌ک تا هه‌زار

قه‌ڵبه‌زه‌ی تاقم، قرمه‌ی به‌فراوم
چه‌پکه‌ی لانزار، وه‌ک بووک نه‌خشاوم

شنه‌ی نه‌سیمم، له به‌ری به‌یان
ئه‌دا له گۆنای، نازک نه‌وهاڵان

ئه‌مجا ئه‌زانی، که من به‌هه‌شتم
سه‌ر تا به خوارم، ڕاسته گۆڵگه‌شتم

نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit