شاعیر: قانع کتێب: شاخی ھەورامان سەرناو: وەسیەتی قانع بۆ وریای کوڕی سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، شاخی هەورامان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٥ و ٣١٥ و ٣١٦. وریا سه‌د ئامان دایم وریا به بۆ هه‌موو که‌سێ چەشنی برا به نه‌ شێخ، نه‌ سۆفی، نه‌ مامۆستا به‌ ئارەق بڕێژە و ڕوو لە هیوا به‌ * * * ڕۆڵه‌ هه‌رکه‌سێ نانی خه‌ڵقی خوارد وه‌کیلی سواڵی بۆسه‌ر خه‌ڵقی نارد بۆ ڕۆن، بۆ شه‌کر، بۆ پاره‌، بۆ ئارد یاخوا بمێنێ به‌ هه‌ناسه‌ی سارد * * * چه‌ند خۆشه‌ کوڕم‌ ئاره‌ق بڕژێنی له‌ده‌شت و ده‌را غیرەت بنوێنی نانی سه‌پانی خۆت به‌ده‌ست بێنی ڕیشه‌ی ته‌مبه‌ڵی له‌ بن ده‌ربێنی * * * چاکی و پیاوه‌تی به‌رمه‌ده‌ له‌ ده‌س بۆ هاشەوهوشه‌ گوێ مه‌ده ‌به‌ که‌س وه‌نیه‌ تۆ که‌و بی و ئه‌م دنیا قه‌فه‌س بڕۆ هه‌ر لایه‌ که‌ ئاره‌زوت هه‌س * * * ڕۆڵه‌! پیاوێکی ته‌واو پیاو بیت له‌ناو مێژوو دا خاوه‌نی ناو بیت بۆگه‌ل‌ و هۆزت ده‌روون سوتاو بیت نه‌ک وه‌کوو یارۆ شێتی دراو بیت * * * نه‌ به‌رتیل‌خۆر به، ‌ نه‌ دووعانوس به‌ نه‌ نۆکه‌ر ئاغا بۆ نانه‌‌خووس به‌ نه‌ شێتی کچان نه ‌شه‌یدای لوس به‌ دوژمن به‌گیانی ده‌سته‌ی جاسوس بە * * * رۆڵه‌ به‌دایم ڕووکه‌ره‌ خوا هه‌رچی گا کێڵای، نابێ گا بیخوا نیوه‌ی ده‌س‌ڕه‌نجت، هه‌ر بۆ بێ‌نه‌وا خۆت ڕسوا مه‌که‌ بۆ کراس و که‌وا * * * ڕۆڵە! هەر کاتێ کەوا من مردم لە ناو گۆڕخانە تەسلیمت کردم مەڕوانە بۆ ئەو ڕەنجە من بردم مەڵێ من تورکم وەکو تۆ کوردم * * * هێنده‌ بخوێنه‌ که‌ خوێنده‌وار بی له‌ناو کۆمه‌ڵ‌دا‌ زرنگ و هۆشیار بی به‌ناوی چاکه‌ تۆزێ دیار بی چ له‌ لادێ بی یا خۆ له‌ شار بی * * * ڕۆڵه‌! سه‌د ده‌خیل مه‌لایی مه‌که‌ ئیشی چاوشۆڕی و ڕسوایی مه‌که‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ی خۆڕایی مه‌که‌ خۆت به‌ مه‌حکوومی ئاوایی مه‌که‌ * * * ڕۆڵه‌ هه‌رکه‌سێ که‌ هۆشیار نه‌بێ بۆ گه‌ل و هۆزی خزمه‌تکار نه‌بێ ئه‌گه‌ر برات بێ له‌ لات یار نه‌بێ دڵت بۆ ئیشی بریندار نه‌بێ * * * ڕۆڵه‌ نۆکه‌ری بۆ ئاغا مه‌که‌ کڕنوش بۆ خانم بۆ کوێخا مه‌که‌ له‌ شێخ و سۆفی مه‌ڕحه‌با مه‌که‌ به‌ درۆ و چاوەڕاو نان په‌یدا مه‌که * * * رۆڵه‌ ته‌ماکار مه‌گره‌ به‌برا خۆت بسوتێنه ‌و ببه‌ به ‌چرا بۆ سوودی هۆزت ده‌س که‌ به ‌هه‌را درۆ و ده‌له‌سه‌ی ناپیاو دەرخرا * * * ڕۆڵه‌ عیسایی یا خۆ مووسایی مه‌چۆ به‌گژیا هه‌ر به‌ خۆڕایی هه‌تا ئه‌توانی به ‌دڵنه‌وایی بیهێنه‌ سه‌ر ڕێ، ڕێگه‌ی برایی * * * چون ڕۆژێ ئه‌بێ که‌ به‌ کارت بێ بۆ باری شانت که‌ خه‌مخوارت بێ له‌ خه‌م خواردنا ئه‌ویش یارت بێ وه‌ک برای پشتی هه‌ر هۆشیارت بێ * * * ڕۆڵه‌ من داییم نامێنم بۆ تۆ هۆشت به‌ خۆ بێ، نه‌بی ڕه‌نجه‌رۆ به‌ هووشه‌ی زۆردار، مه‌به‌ ده‌سخه‌ڕۆ له‌سه‌ر خوو و ڕه‌وشت پیاوانه‌ بڕۆ * * * ڕۆڵه‌ من زه‌مان یارمه‌تی نه‌دام هه‌لێ هه‌ڵ‌نه‌که‌وت بگه‌م به‌ مەڕام داییم گه‌ردن که‌چ کڕنۆشی سه‌لام لاره‌مل به‌ر ده‌م ئاغا و مام کوێخام ++++++++++++++++++++++