ئەی لە بەختی عاشقی ئاوارەکەت ڕژد و چرووک
ئەی کە زیددن ئیش و کارت، سەرگران و شێوە سووک
گەر بە نازۆ بێتە سەر باری کەرەم، بۆ عاشقان
سەد کەڕەت بێجا ئەکات، شێخ ڕوو ئەکاتە سەر سلووک
کوشتەگانت گەر شیکایەت کەن، لە دەس جەور و جەفات
مۆر ئەکەن بۆیان قەباحەت، قازی و موفتی و ملووک
من بە دەور و پشتی یارا «ئایەتولکورسی»م ئەخوێند
ئەو بە عیشوە پێی وتم، لاچۆ، هەتا کەی نووکەنووک؟
شێخ ئەگەر بۆی شێت نەبێ، مەعلوومە بێ ویژدانییە
چۆن بە دایم شۆخ و شەنگە، بەر میسالی تازە بووک
تان و پۆی بەندی دڵ و جەرگی بە جارێ هەڵچریم
وەختێ ڕەمزی چاوی خستە هاتوچۆ هەر وەک مەکووک
قانعا ڕەندی بەجێ بێڵە، لە بۆ گەنجی وەتەن
تۆ لە عیشقت چی بە کەللەی پووچەڵ و گوێی پڕ لە تووک؟ !