سەدای کاروانی فیرقەت دێ دەڵێی سەر قافڵەچی یارە
زڕەی پێشەنگی میحنەت دێ دەڵێی کاڵایی خەمبارە
ترنگەی تەپڵی باز ئاتڵاڵی چاوەش دەنگی جاڕچی دێ
بە تیپی غەم دەڵێی نامەرد ئەسەر دڵ ئەمڕۆ یەڵغارە
دەڵێی ئەسپی فیراق سمکۆڵ دەکا وا لێڵە بیناییم
دەڵێی تەپڵی فیراقیان ژەند کەوا گوێم پڕ لە هاوارە
لە پێش بەیداخی شادی، یار ئەوا ئەسپی دەئاخێوێ
لەسەر تیپی سوپا سالار و هەم پێشەنگ و دوندارە
مەزندە هەوری ڕەحمەت ئاسمانی عوشرەتی پۆشی
کەوا ڕووناکی ڕۆژ ئەمڕۆ لەبەر چاوم شەوی تارە
ئەمان سەر قافڵەچی کاروان! دەخیل سا چەرخەچی لەشکر!
جڵەو هەڵکێشە ڕەحمێ کە، کە جارێکە و هەر ئەم جارە
ئەوا ئێوە دەرۆن یەزدانە پارێز گارتان ئەمما
بەکێی دەسپێرن ئێوە، تۆ خواتان ئەم بریندارە؟
کە ڕۆیین تۆ خودا کێ بێتە سەر باڵین و ناڵینی؟
کە بمرێ کێ هەڵیگرێ و دەفنی کا ئەم موردە بێچارە؟
ئەگەر نایبەن لەگەڵ خۆتان، بە کوژتن ساعیلاجی کەن
کە بە خوا ئەو لە پاش ئێوە لە گیانی خۆشی بێزارە
بە یەزدان حاجەتی کوژتنی نییە هیجرانتان مەرگە
چ فایدە؟ هەروەکوو کوردی ئەویش گیان سەخت و بیمارە