تاری کاکۆڵت لە سەر سەفحەی ڕوخت تاتارییە
خەت لە دەوری لێوی ئاڵت جەدوەلی ژەنگارییە
ڕۆیین و وەستانەوە و عیشوە و نیگاهێکت هەیە
نازە یاخۆ خەشمە یا ڕەحمی دڵەی خەمخوارییە
دڵ بریندارە بە پەیکانی موژەی خوێنڕێژی تۆ
ناڵەیی زاری منی زاری لە گیان بێ زارییە
لێوی من موشتاقە قوربان! بۆ ئەسەر لێو نانی تۆ
ڕۆح لەسەر لێوم بە موژدەی وەسڵت ئینتیزارییە
عیللەتی ناڵاندنی نەی پێت بڵێم وەجهی چییە؟
بۆ فیراقی ڕووی حەبیبان دائیمەن هاواریە
من چم و حەددم چیە عاجز دەبی لێم چاوەکەم؟
عەقڵ و دینم توحفەیە، گیان و دڵیش سەربارییە
تا کەی ئاخر حەسرەتی کاکۆڵەکەت پەنهان بکەم
هیجری، ئاشوفتە دڵی و کاکۆڵ پەرستی کارییە