ئاڵەکۆک

مستەفا بەگی کوردی add_a_photo
کوردی دیوانی کوردی
٥٦. شۆخی دڵ ئازاری یاری سەرسەری
شۆخی دڵ ئازاری یاری سەرسەری!
کافرەی تورکەی لە مەزهەب بێ بەری!
بۆچ لەلای تۆ قەتڵی عاشق واجبە؟
قەسدە سەر لێم دا بە دەست و خەنجەری
ڕۆح و تەن تەسلیمی شمشێرت دەکەم
گەر بزانم تۆی بە قەتڵم مشتەری
نیم نیگای چاوت دڵ و دینی ڕفاند
چاوەکەم! مەعلوومە تۆ تاڵانگەری
بەم سوپای کاکۆڵ و تابووری موژەت
فەوجی سەربازە لە پشتی لەشکری
ئەتۆی بەهرامی شێرئەفگەن کەوا
لائیقی تاج و نگین و ئەفسەری
شۆخ و مەحبووب و لەتیف و نازکی
چاو غەزاڵ و نەونەمام و نەوبەری
گەوهەرت کوردی وەکوو خەرموهرەیە
چونکە خۆت بەدتاڵعی، بەد ئەختەری

پەراوێز edit