ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٦٣. وێنەکەت
شەرتەکەم ئیدی لەشیعرا، باسی دەردی دڵ نەکەم
گوێ کە ڕانەگرێ کەسێ، با ئیشی بێ حاسڵ نەکەم

کانیی ڕوونی شیعری یارە ئاوی ڕووناکەو بەتام
با بە بەردی حەرفی بێ جێ، ناوەکەی پۆخڵ نەکەم

تاهەناسەی گەرم وئاهی ساردی ئاشق شک بەرم
ئارەزووی نەغمەی بەیانیی بولبولی سەر چڵ نەکەم

من بەوێنەو شکڵی چاو وکوڵمی جوان مەست مەست ئەبم
تاوەکوو عیشقم هەبێ قەت هاوەڵیی عاقڵ نەکەم

گەر بەهار هات وگوڵ وغونچەم لەداران دیتەوە
غەیری ماچ ومەی لەبنیا، ئارەزووی باتڵ نەکەم

من گوڵی ڕووی تۆم دەوێ ئەی ئارەزووی هەر شاعیرێ
شەرتە تا جوانیی هەبێ قەت قەت لەوەسفی سڵ نەکەم

خاکی بێگانان ئەگەرچی خۆشە، خۆ هی من نیە
بۆ شەوێکیش بێ لەنێو بێگانەدا مەنزڵ نەکەم

گەرخوداش بم ــ خوایە تەوبە ــ بۆ کەسێ دڵسۆز نەبێ
بۆگەل وخاکی بەپاکی، ئایەتێ نازڵ نەکەم

تا قوبادی پادشای نەوشیروەوانی شک بەرم
ئارەزووی ئاسۆی هومێدی پووشەڵی پاوڵ نەکەم
نووسین: کارزان

پەراوێز edit