ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٦٤. خوڕەی ئاو
دەنگی پێی ئاو دێ لە جەنگەی پایزێکی ماتەما
نیوە نووزەی دێ گەڵا، داریش لەبەر سەرما چەما

یاڕەبی! زێڕینە چۆمی هاوەڵی منـداڵی من
وشکی قەت قەت نەتگرێ نەخزێی لە ژێر باری تەما

زەردە ماسیت ئێستەکەش بن زگ سپی و نێو زگ ڕەشن؟
یا بە ژاری دوژمنانت ئاوی بۆن خۆشیش نەما

دار چنار بەرزەو خەبەردار جوانە وەستاوە لەدوور
خۆت دەزانی شۆڕەبی ناژی لەبەر ئاوی کەما

تۆ خودا، بێت چۆمەکەم لرفەت بە وێنەی ئەرخەوان
سوور بکا لێوی کچی ئاوهێن کە لەنجەی وەک سەما

تاری زۆهرەی کۆک دەکرد، عەرزیش تەشی ڕێس بوو لەبۆی
عەرزەکەش جاڕی درۆیە و بۆتە سەیرانگا سەما

لێرە لەم سەر ئاو و چۆم و سەردەراو دار بییە
شەو خەجاڵەت کێشە ئێستاکە لەبەر نووری شەما

ئەو دەلاقەی دەنگی سۆزەی لایەلایەی لێ دەهات
تۆخوداکەت پێم بڵێ ئەو دەنگە خۆشە بۆنەما؟

ماچی کچ چەشنی حەجێ بوو، ئەوڕەشە خاڵەی خەجێش
بەردی ڕەش بوو دانرا دیواری کابە بۆ نەما

کێ دەزانێ چۆنە ئێستا دیدی ئاسۆی بێ سەفا
چاوچنۆکە چەشنی مەیخۆرێ بە جامی کەم کەما
نووسین: کارزان

پەراوێز edit