ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٦١. کاتێک
کاتێ هەستی شاعیریت بەندە بەدەست و پاتەوە
کاتێ شمشاڵی گەرووت بینی خەفەت دەخواتەوە

کاتێ گوڵ ویشک و خەزانی و مات و بێ ئۆقرەو کزە
بولبولی خنکاوی دوکەڵ خەونی غەم دەیباتەوە

کاتێ هاژەی بای شەماڵ نایەو ڕەشی بای مەینەتی
تۆزی ترس و ڕەنج و فەقری کرد بەسەر سیماتەوە

تۆ تەمایاری چ خدرێکی وەفریامان کەوێ
حاکمێ عەدڵی نەبێ ڕەببی خودا بیباتەوە

شادمانی بۆتە سیمورغ لە دوندی کێوی قاف
غەیری تیپی گوێ لە مستان لا لە کەس ناکاتەوە

بۆ دەوێری پەیکێ هەڵباوی و بە ئازادی بڵێی:
ئەو سپی سوارەی درۆزن جوابی کەس ناداتەوە

کار بەدەست و دار بەدەستی وات دەبێتە بەرهەڵست
کێ دەوێرێ پاش لەتۆ ئەم ڕستە تیکرار کاتەوە

خوایە گەر گۆشەی سەراوێک و دڵۆپێ مەی نەبا
کوانێ هەل بۆ کەس دەما بەم هەموە کیش و ماتەوە

جا کەسێکیش عومری تۆزێ هەڵکشابێ بۆ سەرێ
هیچ کەسێ لای خوارەوەش تۆزقاڵێ جێی ناکاتەوە

وەی کە یاڕەب چی لێهات ئەم وڵاتە جوانەمان
چی بنووسێ ئیدی ئاسۆ بەو هەموە ئاواتەوە
نووسین: کارزان

پەراوێز edit