ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٥١. خەون
خۆزگە ئەمشەو، شەو بەیانی هەر نەدیبا بێ وچان
قەد لە ئامێزی نەگرتبا هەیکەلی کیژی بەیان

خۆزگە ئەمشەو من لەگەڵ دڵ هەر لەبیری خۆ دەماین
خۆزگە پاش ئەو خەونە ئیدی نەمدیایێ ڕووی ژیان

دوێ شەوێ ساقی ئەمەل پەی پەی لە کووپەی ئارەزوو
جورعە جورعە مەی دەگێڕا بۆ جەمیعی عاشقان

بەڕبەت و عوود و کەمان وچەنگ و سەنتوورو ڕووباب
گش لە سینەی عاشقان کۆک بوون لە مایەی ئیسفەهان

بای سەبای عەتری بەهاری فووی لە پۆلووی هەست دەکرد
دەی گەشاند هەستی خەمۆش و ژیلەمۆی خەوتووی زەمان

کۆترە باریکەی فریوی دژ بەحەق و ڕاستی
کردبوی ئەمشەو لەسەر داری نیشاتم ئاشیان

ساردەبای سیخواری تاڵیم ببوە لێ سۆزەی شەماڵ
وەک بەهەشتی عەنبەرین بوو دەشت و سەحرای نیشتمان

لەو شەوەی یا خۆ بڵێم لەو خەوەی دا دیم بەچاو
تەرمی ئەسفەندو دەی و بەهمەن لە ژێر پێی نا گوڵان

وەی خودایە چۆن خەوێ بوو وا منی بووژاندەوە
هەر نەبێ جارێ بەخەونیش دیم دڵی خۆم شادمان

دەردی هیجران گەستە ئاسۆ، بۆیە بۆ یەک خەونەڵێ
خۆزگە ئەمشەو، شەو بەیانی هەر نەدیبا بێ وچان
نووسین: کارزان

پەراوێز edit