ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٥٠. خەیاڵی خاو
خۆزگە دەتزانی کە چەن مەجزووبی ئەو دوو چاوەتم
چەندە ماخولیا و کزی ئەو بسکە تێك ئاڵاوەتم

خۆ دەزانم چەند خەیاڵی خاوە عەشقی تۆ، بەڵام
چونکە خاوم عاشقی ئەو بسکە لولو و خاوەتم

ئەو دەمەی ماندووی لە ڕێی مەکتەب دەشێوێ شێوەکەت
من پتر سەوداسەری ئەو شێوە ئاڵۆزکاوەتم

هەر دەڵێی ئاسکی لە دوور ڕا مەشقی دەشتی دڵ دەکەی
کەم بە ناز هەنگاو هەڵێنە شێتی ئەو هەنگاوەتم

بۆ قوماری عیشقی تۆ هیچکەس نەبوو بیباتەوە؟
تۆ لەمن گۆڕاوی و من ئەو شێتە ژین دۆڕاوەتم

ڕووت هەتاوی خۆشەویستی و بەژنەکەت داری شێعر
زۆر لەمێژە شاعیرێ بێبەش لە ڕووی ئەو تاوەتم

من خەتابارم لە تۆی بەرگی غەزەل جێ ناگری
هێندە ناوت بەرزە ناگونجێ فیدای ئەو ناوەتم

ڕەو دەکەن تەیری وشە ئیمشەو لە هەڵپەرکێی خەیاڵ
تاکوو واشەی چاوەکانت ببنە دۆی نێو داوەتم

گەر بە چاو نەتدیوە بەرخی بێکەسی جێماو لەڕان
خۆ منت دیوە من ئەو بەرخی لەگەڵ جێ ماوەتم

تا بە شاباڵی خەیاڵت سینگی ئاسۆت دادڕی
مات و هەڵکوورماوی دەست ئەو هێرشی شەو ڕاوەتم
نووسین: کارزان

پەراوێز edit