لە دڵدا ئاتەشی عیشقت بڵێسەی میسلی تەندوورە
شەتی ئەشکم نەبێ مانیع، دەسووتێم دەبمە کۆی نوورە
بە ناری عیشق و ئاوی دڵ، جەسەد وەک حەزرەتی مووسا
تەریقی: بەحری فیرعەون و، ڕەفیقی: ئاتەشی توورە
دەچێ بۆ لای ڕەقیب، خۆشە، وەلێ ئەو داغە کوشتوومی
لەکن ئەو چەندە مەجبوورە، لە لای من چەندە مەغروورە!
پەیامت هات و پەیکت ڕۆی، خەیاڵم نارد و نەیگەییێ
ڕەسوولم کەوتە ڕێ، گرتی، هێنای وەک ئاگرە سوورە
کە دیتم شەکڵی سەد ڕەنگی، گوتم: بابایی عەییارە
کە بیستم لەفزی بێدەنگی، گوتم: شەیپووری شاپوورە
گوتم: ڕاستی سەبا هەڵسە! گوتی: مەشرەب موخالیفیە
گوتم: نارێ، گوتی: بایە، گوتم: ئەوجێ، گوتی دوورە
گوتم: قوربانی تۆ من بم، گوتی: قوربانی تۆ سەگ بێ
گوتم: شیشەی دڵم ناتوێ؟ گوتی: بۆچیمە؟ مەکسوورە
خەراباتی دڵی نالی مەفەرموو: خاڵییە، نایەم!
بە مەرگی تۆ قەسەم، چاوم! بە زیکرت بەیتی مەعموورە...