ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٨. گوندەکەم بەرگورد
گوندەکەم بەرگورد گەلێ ڕەنگینە
یەکەمین گوندە لەم سەرزەمینە
لە ناو یەکا خزم و کەس و کار
هاوکاری یەکن لەلادێ و لەشار
خەڵکانی چاکن زۆر خزم دۆستن
دڵساف ومەردن زۆر بەهەڵوێستن
قەدری غەریبە و میوان لەلایان
هەرچی ببەخشن نایابەخەیاڵیان؟
ئەم گوندە لە ساڵی ٧٩دا ڕاگوێزرا
لەگەڵ گوندەکانیتر بۆ ئۆردوگابرا
ساڵی٨٠جەنگی عێراق ئێران ڕویدا
دێکان تێکڕا هەمووی وێران کرا
ساڵی ٨٨ ئەو جەنگە تەواو بوو
زۆرلەپاشماوەی جەنگ جێمابوو
لەتەقەمەنی تۆپ لەمیم و ئەڵغام
زۆر کەس تیاچون و بونە کەمئەنام
بەداخەوە لەدێکان ئەمە ڕویداوە
میللەتی ئێمە وای بەسەرهێنراوە
بابێینە سەر دێ بزانین چی هەیە؟
بەچی بەناو بانگە چ شتێکی لێیە؟
بەرووبومی خۆماڵی ئا ئەمانەیە
خۆش و بەتامن لە زەتیان تیایە
بەرووبومەکەی منێشتە قەزوانە
هەم بۆ خواردنەو هەم بۆدەرمانە
ترێ و مێوژەکەی لەگەڵ دۆشاوا
باسوق و هەنگوین بەشانە و ڕاوا
ترش و سماقی زۆر بەناوبانگ بوو
جێگای سەرنجی کڕیارانی شاربوو
هەرمێ و چەقالە لەگەڵ کێویلە
هەنجیرو قۆخ و چوالەو بەرسیلە
ئەمانە هەبوون لەزۆر و لەکەم
بابزانین چیتر هەبوو لەدێکەم
کەنگر و لوشە و کارد و کوڕادە
ئەمانە تایبەتن خواردنی کوردە
ڕێواسی خۆش و بەتام و مزرە
بۆنیان زۆرخۆشبو باڕێزە و جاترە
کارگیشی هەبوو بە باران یا هەورا
زەوی هەڵ ئەتۆقی بەوێنەی کەپرا
گۆیژ و بەڵالوک بەرهەمی سروشتی
بۆ هەموو کەس بوو تێکڕا بە گشتی
مازوو جەوتوو بەڕوو ئەمانەی لێیە
کەمێ قەیسی توو هەناریشی لێیە
بەرهەمی تریشی هەبوو لەگژ وگیا
بەڵام ئێستا بەخەیاڵ و بەبیرما نایا
ئەمە بوو باسی گوندەکەی بەرگورد
کاتێ بەسوود بوو بۆ شۆڕشی کورد
من بەلاشە لێرەم بەدڵ وام لەوێ
با ئێرەش خۆش بێ هەر ئەوێم ئەوێ
دڵیشم پێی خۆشە زۆرم خۆش ئەوێ
هیچ کاتێ بێ ئەوێ دڵم ناسرەوێ
ئەزانن بۆچی گۆڕی دایکمی لێیە؟!
تا مردن لەبیرم ناچێ دڵم لەوێیە

تێبینی: ئەم هۆنراوەیەم کاتی خۆی ساڵی ٢٠٢٢ لە پەیجی گوندی بەرگورددا بڵاو کردەوە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، بە پێویستم زانی ئێستاش لە فەیس بوکی خۆم بەکەمێ دەستکاریەوە بڵاوی بکەمەوە هیوادارم جێگەی ڕەزامەندیتان بێت.
بەریتانیا
٤/١٠/٢٠٢٢
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit