ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٤٥. جوانکیلەکەم
جوانکیلەکەم
نە من نیازم هەبوو بێم نە تۆش فەرمودەت کردم
ئەو بینینە کە ڕێکخرا بە ڕێکەوت بوو
بەم ماوە کەمە سەرنجت ڕاکێشام و ئەقڵ و هۆشت بردم
جوانیەکەت نەرم و نیانیت وەک پەشمەک و لۆکە بوو
زۆر بە ئاسانی بە دوو چاوی پڕ نازت لە خشتەت بردم
وەک ئاسکە کێوی کە مۆڵی بوو لە بێشەیا بوو
کە ڕاپەڕیت و ڕاتکرد بۆ لام و باوەشت پیا کردم
منیش وەک پڵنگ و شێری برسی هەر نرکە نرکم بوو
ئای کە بە جۆش و خرۆشەوە بۆ لات هاتم
هیچ هۆش و بیرم لای خۆم نەمابوو
ئەوەندە بە سۆزداری پێشوازیت لێکردم
هەموو گیانم سەر ئاو گەڕابوو
وتم ئەبێ ئەمە خەون بێ یا لە خەیاڵابم
دڵ وەستا ڕوحیش لە جەستە دەرچوو
باڵم گرتبوو بە ئاسمانا ئەفڕیم
ئەویش لەو پەڕی خۆشیا بوو
ئەو کاتانەی کە لە ئامێزتا بووم
بە هیچ شتێ ڕوو بەڕوو نەکرابوو
ئەو کاتانەی کە لەگەڵ تۆیا بووم
بە زێڕ و گەوهەر مەزندە نەکرابوو
ئەو گەمانەی لەگەڵ تۆدا کردم
بە هیچ نرخێ نەخەمڵێنرا بوو؟
با هەناسەت تێکەڵ بێ لەگەڵ هەناسەم
ژیانم هەمووی پڕ ئاڵۆزی و تاسە بوو
بە هیوام ئەو ژیانەی ماومە بەخۆشی بژیم
ژیانی ڕابووردووم بێ ئاگایی بوو
لە مەدوا ئەبێ من بۆ خۆم بژیم
نەک ژیانی گەنجیم گشت خەمخۆری بوو
ئەو کاتانەی ڕۆشتن و تێپەڕین لێم
هەر گیز بۆم نایەنەوە ڕۆین و بەسەر چوو
هەر تۆ ئارام بە جوانکیلەکەم
داوای هەرچیبکەی من بۆتی ئەکەم.
بەریتانیا
١٥/٨/٢٠٢٤
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit