ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٤١. پرسیار
پرسیارم لەبەفر کرد وتم تۆ چۆن دروست بویت و ئاوا لەو سەرەوە دێیتە خوارێ؟
لە وەڵامدا وتی من بە بەفر ناسراوم نازانم هەر لەو سەرەوە دێمە خوارێ!
پرسیارم لە تەرزە و کڵۆ بەفر کرد ئەی تۆ چیت؟ وتی من بە تەرزە و کڵۆ بەفر ناوم دێنن نازانم ئاوا خڕەکرێم و دەنک دەنک دێمە خوارێ؟ !
پرسیارم لە باران کردو وتم تۆ چیت و لە کوێوە دێیت؟ ! لە وەڵامدا وتی من ناوم بارانە و لە ئاسمانەوە دێمە خوارێ لە سەر زەوی بە شیوو قەتپاڵا دێمە خوارێ لەوێشەوە دەڕژێمە ناو زێ و گۆلاوو ڕوبارێ
پرسیارم لە با کردو وتم تۆ نەکێش نەقەبارە نەبۆن نەڕەنگت نیە! تەنیا دەنگت هەیە تۆ چیت؟ لە وەڵامدا وتی من بام جار جارەش پێم ئەڵێن ڕەشەبا من نازانم لە کوێوە دێم و بۆ کوێ ئەچم؟ !
پرسیارم لە هەور کردو وتم ئەتبینم بەو بەرزیەوە دێیت و ئەچیت؟ ! جار جارە ون ئەبیت جار جارە پەیا ئەبیتەوە وتی من ناوم هەورە وەک تارمایی و پەڵە پەڵە یەک ئەگرین و کۆمەڵ کۆمەڵ ئەبین بەڵام نازانین لە کوێوە دێین و بەرە و کوێ ئەچین؟ !
پرسیاریشم لە نیشتیمان کردو وتم تۆ هەمیشە بۆ ئاوا لەڕ و لاواز و ڕەنگ زەردی لە وەڵامدا وتی خۆیشم نازانم بۆ ئاوا ڕەنگ زەرد و لاوازم هەر ئەوەندە ئەزانم لە هەموو هاوڕێ و دەستە خوشکانی ئەم جیهانە تەنیا من دابڕاوم و خراومەتە لاوە و بێ بەش ئەکرێم و کراوم پێویستە ئەم پرسیارە لە زەوی و ئاسمان بکەیت!
ئەمە ڕاستە با جارێ پرسیار لە ئاسمان بکەم سڵاو ئاسمانی شین و جوان ئەتوانم بپرسم ئایا ئەو نیشتیمانەی من بۆ ئاوا پەراوێز خراوە؟ !

وەڵامی ئاسمان ببورن من پەردەیەکی هەڵاوەسراوم لەم بەرزیە خۆ من کاربەدەست نیم فەرمان لەو سەرەوەیە ئەوە ڕاستە بەڵام خۆ من دەنگم ناگاتە ئەو سەرەوە ئاسمان وتی ئێمە هەوڵێکت بۆ ئەدەین چاوەڕوان بە سوپاس من وا چاوەڕێم.

پێویستە پرسیاریش لە زەوی بکەم سڵاو زەوی تۆ جێگا ژیانی هەموو گیان لەبەر و زیندەوەرانیت ئایا ئەو ژیانەت بەدادپەروەرانە دابەشکردووە؟ ! ئەی کەوایە ئەو نیشتیمانەی من بۆ ئاوا خراوەتە لاوە!

وەڵامی زەوی من بێ گیانم ئەقڵ و مەعریفەم نیە و ئەتوانم بڵێم منیش داگیر کراوم لە لایەن ئێوەی مرۆڤەوە ئێوە هەندێکتان ژیرە هەندێکتان دڕندە هەندێکتان وەحشی هەندێکتان شێتە منیشتان وێران کردوە ئێوە هەموو ڕوحە جوانەکانتان کوشتووە هاوارەکانتان خەفەکردووە ژینگەتان لەناو بردووە و پیسکردووە هیچ شتێکی جوانتان بۆ من نەهێشتۆتەوە؟ ئاوا بڕوا منیش لەناو ئەبەن نەک هەر نیشتیمانە بچکۆلەکەی تۆ بەڵکو هەموو نیشتیمانەکانی تریش وێران و خاپور ئەکرێن تۆ ئەزانی ئێوەی مرۆڤ چ کارەسات و تەشقەڵەیەکتان خوڵقاندووە؟ ! ئەوە ئەمریکا و چینە لەوەتی دنیا دروستبوە دژایەتی یەککتر ئەکەن ئەوە ئێران و ئیسڕائیلە منی زەوی بەدەستیانەوە دیل و زەلیلە ئەوە ڕوسیا و ئۆکرانیایە ڕوسیا بەهێزە و گەورەیی لەبن نایە یەک پارچە زەویان هەیە لەسەری ئەکەنە بەزم و شەڕ و هەرا ئەوە هەردوو کۆریایە چاویان بەیەک هەڵنایە باکورەکەیان کەس دەرەقەتی نایە نازانم ئەوە کوێ و کوێی ترە …… هتد بەڕاستی ناخۆشتان کردوە وام لێهاتوە خەریکە لەکەوڵی خۆم دێمە دەرەوە و خەریکە لەخولگەی خۆم لائەدەم و خۆم فڕێ ئەدەمە خوارەوە.

نانا نەکەی تکایە زەوی گیان گەر خۆت فڕێدەیتە خوارەوە جارێکی تر ناگەڕێیتەوە سەر خولگە و تەوەری خۆت و وون ئەبیت و نادۆزرێیتەوە و هەپرون بە هەپرون ئەبی کەس نازانێ بۆ چ گۆشەیەکی ئەو کەونە زەبەلاحەیە ئەچیت؟ ! خۆ مرۆڤەکانیش هەمویان خراپ نین بیکە بۆ خاتری چاکەکانی ئەگەر لەبەر خاتری ئەوانیش نەبێت بیکە بە خاتری زیندەوەران بیکە بە خاتری مێروەکان یان بیکە بە خاتری ئەو باڵندانەی کە ئێستا هێلکەکانیان لەناو هێلانەکانیاندا نەتروکاوە و نەبون بەبێچو یا ئێستا بێچۆکانیان چاویان هەڵنەهێناوە.

زەوی ئەڵێ ئەی چیبکەم؟ منیش ئەڵێم لە تەوەرو خولگەی خۆت بمێنیتەوە باشترە لەوەی بڕۆیت و نەگەڕێیتەوە
بەڵام ئەگەر بشمێنمەوە زیاتر پارچە پارچە و قاش قاشم ئەکەن زیاتر ورگ و سکم هەڵەدڕن. زۆری نەماوە بزانە چۆن بەچەکی تەکنەلۆجیاو گەورەو قورس لێکم هەڵەوەشێنن و لەم سەر بۆ ئەو سەر بەتەختی ئەمێنمەوە و ئێوەش هەموتان تیا ئەچن و تاک تاکەتان ئەمێنێ ئەو کات ئێوەی مرۆڤ شەش سەدو پەنجا ملیار ساڵ ئەگەرێنەوە بۆ دواوە ئینجا سەر لەنوێ بەنەشارەزایی بەبێ وەسائیل بەدەست دەست دەکەنەوە بەکێڵانی من و باخ و باخداری و ئاژەڵ و ئاژەڵداری بەخێوکردنی ئاژەڵەکان بەگشتی دوو بارە ئەگەڕێنەوە بەشوێن مادە و کانزاکان بۆ بەدەست هێنانی خواردنەکان دووبارە لەسەرەتاوە گەڕان بۆ ئەشکەوت و حەشارگاکان دەست دەکەنەوە بەدروستکردنی کۆخ و کەپرو خانوچکەو ماڵەکانتان زۆری پێ ئەچێتەوە تا ئەگەنەوە ئەم سەردەمەی ئێستا کە ئەو ژیانەی ئێوەی کوردی پیا تێپەڕین کە زۆر سەخت و دژوارو کولەمەرگی بوو بۆ ئێوە لەبەر ئەوەی تەنیا ئێوە خاوەنی ماڵ و دایک و باوکی ڕەسەنی خۆتان نەبوون، هیوا ئەخوازم ئەم ژیانە نوێیەی دەست پێدەکاتەوە بەئاراستەی یەکەم جاردا نەڕوات و تێنەپەڕێت و ئاڕاستەی دروستی خۆی وەرگرێ بەڵکو ئێوە ببنە خاوەنی ماڵ و نیشتیمانی ڕاستە قینەی خۆتان لەگەڵ کیانێکی ڕاست و دروست دوور لە بەرژەوەندی کەسی و سیاسی لەگەڵ ژیانێکی خۆش و ئارام و شایستە بۆ ئێوەی کورد چونکە لەو ژیانەی تر ئێوە خاوەنی نیشتیمان و کیانێکی ڕاستەقینەی خۆتان نەبون؟
سوپاس زەوی بۆ ئەو هەڵوێستە جوانەت سوپاس بۆ بونت منیش پەیمانت پێ ئەدەم تا ماوم ژینگە و دار و بەرد و ئاوت بپارێزم و زیان بەبەرژەوەندیەکانت نەگەیەنم.
لەگەڵ ئەوەشدا دەمێکە چاوەڕوانی وەڵامێکی ئاسمانم بزانم ئەوان چیمان بۆ ئەکەن و چیان پێ ئەکرێ؟ !
ئەم هەموو پرسیارانەم کرد هەر نەگەیشتمە ئەو وەڵامەی کە بۆچی ئەو نیشتیمانەی من بێ خاوەنە و بەدڕک و داڵ دەورە دراوە؟
بەریتانیا
١٦/٧/٢٠٢٤
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit