ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن › شیعرەکان ›
٢٧٧. من ڕەشەی کاوەم
من ڕەشەی کاوەم من ڕەشەی کاوە
قوربانی دەستی ئەو بەندوو داوەم
بەخۆشەویستی خێزانم پێک هانی
کۆرپەیە جوانم وەربەرهەم هانی
هەتا ماوەیەک بە خۆشی ژییاین
لە دوای ئەو ماوە لە یەکتر ترازاین
بوو بەناخۆشی و شەڕو دەنگە دەنگ
لەگەڵ ناحاڵی و زۆر پیاوی دەبەنگ
هەم ژنەکەم ڕۆیی هەمیش منداڵم
سەبرم لێبڕا شکاندی باڵم
لەگەڵ ئەوەشدا سەروەتم نەما
گشت پارەو پوڵم ڕۆیشت بەبادا
لە ڕەفیقیش بووم هەم لە کەس و کار
کەوتمە ناخۆشی داوی ڕۆژگار
لە براو خوشک بووم هەمیش لە دایک
هیچ ژیانم نەما گشت لێم بوو تاریک
هیچم ناوێ قەینا تخوا بابمرم؟
تەنیا جار جارە کۆرپەکەم ببینم
بۆچی هیچ کەسێ لە من تێناگا؟ !
زانیاری نییە و هەس بەهیچ ناکا؟
دەزانن دابڕان لە کۆرپە گەلێ گرانە
گەلێ ناخۆشە وەک سەرەتانە
زۆریش ناخۆشە ماڵت لێ بشێوێ
بەرچاوت ڕەشەبێ و هیچ کەست نەوێ
تخوا بمبورە دایە، دایەی شیرینم
لە جێی گشت کەسمی مەرگت نەبینم
گەر ئێستاکە باوکم لە ژیان ئەبوو
هەر وەک پاڵەوان لە پشتم ئەبوو
بەڵام باوە گیان تۆ لە کوێ بێنم
بەو ناخۆشیانەوە ژییان ئەکێڵم
خۆزگە باوکە گیان هەر ئەو کاتە منیش
لەگەڵ تۆ ئەهاتم بۆ مردن و سەفەریش
بۆچی منت جێهێشت بۆ ئەم ڕۆژگارە؟
کە دڵم تاساوە و پڕیش لە غەمبارە
ئاخر بۆچی بژیم بۆ خەم و خەفەت؟
بۆ دەردەسەری و بۆ بەڵاو نەهامەت
خوا گیان بمکوژە یان ژیانم چاکە
ڕوحمێ بە کۆرپەم و بەم دڵە پاکە
یاخود کۆرپەکەمم بۆ بگێڕەوە
یا منیش تا زووە بۆ خۆت بەرەوە.

تێبینی // خاتوو سۆما دایکی ڕەشە ڕۆژی یەک شەمە بەرواری (٢٠٢٦/٩/٦) هات بۆ ماڵمان بە میوانی وابزانم کوڕەکەی لە خێزانەکەی دابڕابوو خاتوو سۆما بۆ کوڕەکەی زۆر دڵنیگەران بوو کوڕەکەشی زۆر دڵنیگەرانی منداڵەکەی بوو کە لێیان دابڕیبوو خاتوو سۆما داوای لێکردم کە لەم باروو زرووفەی ئازارو خەفەتی کوڕەکەی شیعرێک بۆ کوڕەکەی بنووسم منیش ئەم شیعرەم بۆ نووسی بەهیوام بە دڵیان بوو بێت.
٢٠٢٦/٩/٧
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit