ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن › شیعرەکان ›
٢٧٥. سێبەری وێنەیەک
چوومە نێو مەکۆی فێربوون
لەوێ، لەسەر دیواری پۆلێک
وێنەیەک بەبێدەنگی هەڵواسرابوو
پرسیم: ئەم چاوە ساردانە کێن؟
وتیان: ئەوە سەروەری وڵاتە!

پێم خستە نێو داڵانی ساردی نەخۆشخانەیەک
لەپاڵ ئازاری برینەکان
دیسان هەمان ڕوخسار هەڵواسرابوو
پرسیم: ئەم وێنەیە چی دەکات لە نێو ئازاردا؟
وتیان: ئەوە سەرۆکی وڵاتە!

ڕێگەم کەوتە نێو ماندوێتیی کاسبکاران
لەوێش، لەسەر دیواری ماندووی بازاڕ
هەمان ڕوخسار چاوی لە بڕستمان بڕیبوو
پرسیم: ئەمە کێیە لەپاڵ ئارەقەی نێوچەوانی ئێمەدا؟
وتیان: ئەوە سەرۆکمانە!

سەرم دا لە مەڵبەندی پێشمەرگە دێرینەکان
لە نێو بیرەوەریی خەبات و سەنگەرەکاندا
دیسان هەمان وێنە لە بەرزییدا وەستابوو
پرسیم: ئەم وێنەیە لە نێو مێژووی خەباتدا کێیە؟
وتیان: ئەوە سەرۆکی وڵاتە!

بە سەرسامییەوە وتم:
ئەم سەرۆکە چ ئاوێکی داوەتە ڕێحانی پێنوسەکان؟
چ مەڵهەمێکی خستووەتە سەر برینی بیمارەکان؟
چ نانێکی خستووەتە سەر سفڕەی خالی کاسبکاران؟
کەی بووەتە پەنا بۆ ماندوێتی ڕێگەی پێشمەرگە دێرینەکان؟
ئەی چی کردووە؟ !

بە پێکەنینێکی تاڵەوە وتیان:
دەست بە چاوە خەواڵووەکانتدا بێنە!
تۆ لە گوێی ئەم جیهانە ڕەقەدا خەوتووی؟
ئەو زۆری کردووە...
بەڵام بۆ دەستە و تاقمەکەی خۆی!
ئەو زۆری درووەتەوە...
بەڵام بۆ باخەڵی سوڵتە و تەختی دەسەڵاتی خۆی!

تێبینی // لە پۆستی دیوەخانێک بۆ نوسەران و خوێنەران کە شاعیر ئادەمی حەوایی کردبووی بۆ پێشبڕکێی جوانترین شیعر من ئەم شیعرەم لە کۆمێنت دانابوو.
٢٠٢٦/٩/٤
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit