ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٢٦٢. ئازادی جیهانی
ئاخر لە پای چی ئەم یەکتر کوشتنە؟

جیهان بەگشتی
ڕۆژهەڵات ڕۆژئاوا
باکور باشوور
ئیسلام و کافر
کرستیان و یەهوود
نەزان و زانا
هەموان پێکەوە
وا خەریکە دنیا وێران دەکەن

ئاخر لە پای چی، بۆچی وا دەکەن؟

ئێوە مرۆڤتان پێدەڵێن
لە خۆ جیان لە گیاندارانیتر
ئەم هەموو دڕندانەیەتان لەچی؟
لە بەرچی ئەو دەمە دەمە دەکەن؟
ئەم هەموو ڕازو گلەییە
لە یەکتر دەکەن

ئاخر لە پای چی ئێوە وا دەکەن؟

لە خۆ ئێوە ژیرن و
ئاقڵتان هەیە
نەک وەک سەگێک
ئاقڵی نییە بەڵام بەوەفایە و
بێ سیفەت نییە
بێ ویژدانی مرۆڤ
هەر هاوتای نییە

ئاخر لە پای چی ئەم بوغز و کینە؟

شێر بە شێری خۆی لە بێشە دەرێ
هەتا برسی نەبێ پەلامار نادا
باوەڕتان هەبێ، هەندێ جار
بەچکەی نێچیر دەگرێ و بەری دەدا

یان کاتێ داڵ نێچیر ئەبا
لە ئاسمانا فڕێی ئەدا
ئەوە سروشتی باڵدارە و
هەر ئەوەنە ئاقڵی بڕەکا
بەڵام خۆ مرۆڤ ژیرە
ئەو کارانە بۆ ئەکا

ئاخر لە پای چی ئەوە دەکات؟

ئایا سەیری مرۆڤتان کردووە و
دیقەتتان داوە
کە دای بەسەر شوێنێکا
لە پێش هەموو شت
هاوشێوەکەی خۆی
کوشتووە و لە ناو بردووە
ئینجا مناڵی لە بێشکەدا
بە چەقۆ و حەربە بێگیان کردووە

ئاخر لە پای چی ئەوەی کردووە؟

ئەوەی مرۆڤ خۆ بە خۆ ئەیکا
هیچ گیانلەبەرێک ئەوەی نەکردووە
با شەڕی کردووە، ناڵێم نەیکردووە
بەڵام لە هەموو ژیانیدا ئەوەندەی
مرۆڤ بە هاوڕەگەزی خۆی
کردووی، نە بەهاوشێوەی خۆی و
نە بە غەیرەشی نەیکردووە

ئاخر لە پای چی تۆ ئەوە دەکەی؟

لەوەتەی دنیا هەیە یەکدی دەکوژین
هاوزمانی خۆمان و بێگانەش دەکوژین
خۆشمان پێمان وایە کە هەین لە ژین
ئاقڵیشمان هەیە، کەچی هەر گێژین

ئاخر نازانم ئێمە بۆچی وایین؟

وا بزانم جێگۆڕکێمان پێکراوە
وا پێ دەچێ ئەهلی ئەم هەسارە نەبین
وا هەستەکەم بە هەڵە هاتووین
تۆ بڵێی لەگەڵ بوونەوەری تر
لێمان تێکچووبێت
جێی ئەوان ئێرە و
ئەوەی ئێمە ئەوێ بێ
خۆ دەکرێ ئەوەش وا بێ
ئەگینا خەسڵەتی ئێمە
وا نا لە بار نابێ

ئاخر پێم سەیرە بۆ دەبێ وا بێ؟

دەڵێین ئاشتی، شەڕان گێزین
دەڵێین یەکسانی، دوورە پەرێزین
دەڵێین ئازادی، سنوور دادەنێین
دەڵێین دادپەروەری، نا دادی دەهێنین
دەڵێین خۆشەویستی، لەوەشدا خۆپەرستین

ئاخر لە پای چی، نازانم بۆ واین؟ !

هیچ شتێکمان لە مرۆڤ بوون ناچێ
هەرچی خەراپەیە دەکرێ
مرۆڤ قڕان دەکرێ
ژینگە پیس دەکرێ
سروشت دەسوتێنرێ
هەر ئەوە ماوە
ماڵی خودا لە ئاسمانا تێکبدرێ
مرۆڤ ناگاتە ئەو شوێنە
ئەگینا ئەوەش دەکرێ

ئاخر تێناگەم بۆ ئەوە دەکرێ!

خۆزگە مرۆڤ ژیر بوایە
ئەوانەی باسم کردن نەیکردایە
لەم ژیانەدا بەرگێکیتری بە بەرا کرایە
بۆ ئەوەی هەموومان بە ئارامی
لەسەر ئەم زەویەدا بژیاینایە.
٢٠٢٦/٨/٣
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit