ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٢٦١. هەلپەرست
خۆشم ویستی وا، زۆر لە خۆم زیاتر
خۆم کردە پردت، بۆ ڕێگای گه‌ش
هەرچی تۆ ویستت پێشکەشم کردی؟
تەنیا بۆ ئەوەی، دڵت نەبێ ڕەش

بۆ ژینی گەشت هەمیشە هاوڕام
بۆ پۆشاک و نان بۆ سەیران و گەڕ
وامزانی ڕۆژێ، بەهام دەزانی
ناخم بۆ عەشقت بووبووە سەنگەر

لە پێناو تۆدا، وازم لە ژین هێنا
کەشکۆڵ لە شان و دارعەسا بە دەست
بوومە دەروێشی سەر ڕێگەی عەشقت
کاتی بێ نازیت دوور لە مەی و مەست

تۆ لە ناو ماڵدا دیل و بەندە بووی
مەلوول و مات و دڵپڕ لە ناڵە
ژیانت تلخی و، کولەمەرگی بوو
کونجی ته‌نیایی، بۆ تۆ وەک چاڵە

من هاتم وەک با بەربەستم شکاند
لەو کۆسپ و داوە، ڕزگارم کردی
پێمدای سەربەستی و ژینی شاهانە
لەم گۆشەگیرییە، ڕەهام کردی

کەچی کاتێ بووی، بە شاهی ژیان؟
بێوەفا دەرچووی، قەدرت نەزانی!
هەرچی چاکەم بوو خستتە ژێر پێت؟
هەم منت تێکدا هەم خۆتت فانی!

تێبینی // ئەم شیعرەم نارد بۆ ماسنجەری کاک (ڕزگار چاوشین) بۆ پێشبڕکێی فیستیڤاڵی کوردستانی گەورە
٢٠٢٦/٧/٢٥
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit