ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٢٥٩. شکست و ڕابوون
کاتێ دەشکێی و تەواو دەڕووخێی
لە گشت هیوایەک بە یەکجار دەبڕێی
دنیا لە بەردەم چاوت دەبێ بە تەم
ئەرز و ئاسمانت لێ دەکا بە خەم

غەم و پەژارە وا داتدەپۆشێ
لەباتی شۆخی، ژەهراب دەنۆشێ
تاڵ دەبێ لە دەم، چایەک بە شیرین
هەموو جیهانت لێ دەبێ بە شین

نە تامی خواردن، نە گەڕان و سەیر
نە سێبەری دار، نە ڕووناکی خەیر
تەنانەت خەویش لێت حەرام دەبێ
کۆشک و تەلار لات بەندینخانە دەبێ

ژیان لێت دەزەوێ و لێت دەتۆرێ
حەز دەکەی چارەت بە یەکجاری بگۆڕێ
باری سەفەریش تێک دەنێی بۆ دوور
بەرەو چۆڵەوانی و سەحرای بێ سنوور

کەشکۆڵێک لە شان، گۆچانێک بە دەست
تێشوویەک نان و خەونێکی مەست
خەمەکانت بدەی بە دەم باوە
بۆ خۆت دوور ببی لەم هەموو داوە

تا ماوەیەک لەو کز و چۆڵییە،
بژیت و بزانی ڕاز ئەم دونیاییە.
تا گڕی ناخت کەمێک دادەمرکێ
پاشان بگەڕێوە بۆ ژیانی نوێ

ژیان ئاوایە، تێکەڵ لە دوو ڕەنگ
جارێک دەنگ و ساز جارێک مات و تەنگ
نە خۆشییەکەی بۆ کەس هەتا سەر
نە خەم و ژانی دەمێنێ کەسەر

ئێمەی مرۆڤیش لێرە ڕێبوارین
گا بەرز و شادین، گا وا خەمبارین
هەرچییەک بێتە ڕێ دەبێ بێ غرور؟
ڕازی بین پێی و ببینە جەسوور.
٢٠٢٦
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit