ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
٢٤١. باڵندەیەکی بریندار لە پەنای شاردا
لە ئاسمانەوە...
مەرگ بە باڵی ئاسن و چاوی ساردی 'درۆن' داباری
باڵە ڕەنگینەکانی کچە پێشمەرگەیەکی کردە ئامانج
ئەو کچەی بۆنی 'کۆمەڵە' و 'کوردستان'ی لێ دەهات
لە قەراخ شاردا
خەڵتانی خوێن کرا

ئای لەو شارەی جارێ دەستی میهرەبانی بوو
ئێستا دەرگاکانی نەخۆشخانەی...
لە ئاست هاواری کچە شەهیدێک کڵۆم دراوە!
لێرە و لەوێ لەم کۆڵان بۆ ئەو شەقام
جەستە شەکەتەکەیان دەگێڕا
بەدوای دڵسۆزییەکدا دەگەڕان... کە نەمابوو
بەدوای سوێندی 'پزیشکی'دا دەگەڕان... کە فرۆشرابوو

چ تاوانێکی گەورەیە؟ !
بەرامبەر بە مرۆڤ بوون
بەرامبەر بە پیرۆزیی ناوی 'ژن'
بەرامبەر بەو هەموو بەها ئەخلاقییانەی
کە لەژێر پێی ترس و بێدەنگیدا پان کرانەوە

بەڕێوەبەری تەندروستی!
ئەی ئەو نەخۆشخانانەی مرۆڤایەتیتان تێدا بەجێما
چۆن دەتوانن سەیری ئاوێنەی ویژدانتان بکەن؟
خوێنی ئەو شەهیدە تەنیا لە دەستی دوژمندا نەبوو
بەڵکو لەسەر یەخەی ئەو کەسانەشدا بوو
کە دەرگایان لێ داخست و
مانەوەیان کردە قوربانیی 'بەرپرسیارێتی'

ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی مێژووەوە
پێویستە یاسا بێتە دەنگ
پێویستە هەموو ئەوانەی خەمسارد بوون
لەبەردەم دادگای مرۆڤایەتیدا چۆک دابدەن

ڕوحی شاد و ئارام بێت
ئەو کچەی لە نیشتمانی خۆیدا...
تەنیا 'خاک' بووە پەناگەی.

تێبینی // زۆر بەداخەوە خەزەل ئەو کچە پێشمەرگەیەی کە بەدرۆنی ئێرانی زامار کرا چارەسەری بۆ برینەکانی نەکراو گیانی لە دەستدا ڕوحی شادو ئاسودەو ئارام بێت.
٢٠٢٦/٤/١٦
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit