ئاڵەکۆک

بەڵێن add_a_photo
بەڵێن شیعرەکان
١٦٦. پڕ قەد و باڵات
شیعرێکت بۆ ئەنوسم کە پڕ قەد و باڵات بێ
کوا جوانی تۆ بە دوو سێ دێڕ وەسف ئەکرێ؟

قژت ڕەشمار و نیگرۆ چاویشت قەترانی ڕەش
هەر کەسێ تۆ ئەبینێ دڵ و دەرونی گەشە بێ

برۆی کەوانیت ڕایەڵە ئاوا وەک مانگی چواردە
کە سەیری ئەکەیت ئەڵێی خوایە ئەبێ چی بێ؟

هەر دوو گوێیەکەت کە جوتێ گوارەت تێکردون
زۆرت لێ جوانە کاتێ ئەم بەرو بەری پێ ئەکرێ

دەم و چاوو ڕومەتت لەگەڵ لێوو چەناگەکەت
هێندە وردیلەو جوانن هەرگیز چاو درکی پێناکرێ

وردە خاڵ و گەردنت ساف ئەڵێی کارگی ژێر دارە
هەر چەنێ سەیریان بکەیت بەدڵ سەبوریت ناێ

قۆڵ و باسکی نەرم و شل تیایە بازنە و خڕخاڵ
گۆزە ئەنێتە سەر شان ئەوەنەیتر بریسکەی دێ

شان و سینەو کەمەری ئەوانیش ڕەونەقیان جوان
بە زۆری جوانی ئافرەت لە کەمەر و سینەی دێ

قەدی هەر وەکو شمشاڵ سنگ و بەرۆکیشی پڕ
ئەو سینگە نەرم و شلە دوو سێوەکەی لەرەیدێ

نەخۆش کە ئەیانبینێ هیچ هەست بەئازار ناکا؟
قامکی جوانە باریکە بریسکەی موستیلەکەیدێ

بەقاچ و پێ و هەنگاوی لە ڕۆینی مراوی ئەکا
ئەڕوا بە سەری پەنجە ئەچێ بۆ مەڕ دۆشینێ

لە جوانیەکەی تێر نابی سانیەو ڕۆژ لێی بڕوانی
هەرگیز ئەقڵ نایبڕێ کە ئەوە لە گڵەوە هاتبێ

ڕۆیشتنی لە سەر خۆ جوان و بە نەرم و نیانی
بۆ باغ و بێستان ئەچێ یا ژوانی کانی و ئاوێ.
بەریتانیا
٢٠٢٥/٨/٢٨
نووسین: سەعید سەدیق

پەراوێز edit