ئاڵەکۆک

سەعدی عەباسی add_a_photo
حەتا ئەمڕۆ کەسێک ژیاوە بەژینت؟
کەدڵخۆش بێ بەقاقاو پێکەنینت؟

حەتا ئێستا چ کەس دڵخۆشی کردی؟
لەکاتی ماتەم و گریان و شینت؟

کەسێک بووە ئەگەر چارەی خەمت بێ؟
لەئێش و زام و ناسۆر هەڵمژینت؟

پەنات بۆ بردبێ کاتێ کە لەنگی؟
بەخوێ نەیکردبێ ساڕێژ برینت؟

حەتا کەنگێ بەم و بەو دڵ دەبەستی؟
ئەبێ کێ ببتە هۆی فرمێسک سڕینت؟

لەگەڵ خۆت ئاشت بەوە ئەو جا دەزانی
نەبوو کەس لایەقی ئەشق و ئەوینت

دڵی خۆت بگرە باوەش ئۆقرە دەگری
بە دڵ ئاسوودە سەر نێیە سەرینت

شەقەی باڵت بەرەو ئاسۆ تەیار کە
کەست پێویست نییە بۆ هەڵفڕینت
١٢ی بەفرانباری ٢٧٢١ ی کوردی
نووسین: سەعدی عەباسی

پەراوێز edit