ئاڵەکۆک

سەعدی عەباسی add_a_photo
بکەن شایی کە شای جێژنانە نەورۆز
هەوای ماچ و وەفا و جێژوانە نەورۆز

کچ و کوڕ ڕاپەڕن داوەت بگێڕن
کە چەقڵی چاوی نامەردانە نەورۆز

مناڵ و میر مناڵ شاد و بەکەیفن
بە ڕۆژ کۆڵان و شەو سەربانە نەورۆز

بڵێسەی ئاگری دوژمن بەزێنە
گڕی گڕکانی بێ ئامانە نەورۆز

لە پاش مەرگی ڕەشەمێ هاتە مەیدان
ڕەقیب و دوژمنی زستانە نەورۆز

بە بەرگی زەرد و سوور و شین و سەوزی
هەرای سۆزی چیاو کوێستانە نەورۆز

دە پشکوێ گوڵ دەڕازێ دەشت و پێدەشت
نشانەی جەننەتی یەزدانە نەورۆز

سەراپا بۆنی ئازادی و ئەوینە
سەراسەر شادیە و سەیرانە نەورۆز

هەتا کوردێک بژی نەورۆز دەمێنێ
کە کورد قەت نامرێ و هەرمانە نەورۆز
١٠ ی ڕەشەمەی ١٤٠٠
نووسین: سەعدی عەباسی

پەراوێز edit