ئاڵەکۆک

سەعدی عەباسی add_a_photo
تۆ چیت؟

هەرچی دەکەم و دەگەڕێم؛
نات دۆزمەوە.

تۆ دڵۆپی کام بارانی نەباریوی؟
یا شەپۆلی کام ڕووباری وشکەڵاتووی؟
شنەبای کامە زاویتەی قەت نەهاتووی؟

تەنکە پێستی گۆنای خوشکی کام شەهیدی،
بە نینووکی داماڵاوی؟
بزەی سەر لێوی کام دایکی نیشتمانی، کپ کراوی؟

وای بۆدەچم؛
تۆ هەنیسکی دڵدارێکی بێ باوەش بی!

ئااای دەترسم؛
کزەی ئاسۆی وڵاتێکی دوورە بەخت و چارە ڕەش بی!!
١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
نووسین: سەعدی عەباسی

پەراوێز edit