ئاڵەکۆک

سەعدی عەباسی add_a_photo
سەعدی عەباسی شیعرەکان
١٣. ئاواتی دڵ
خەوتەرەی چاوی کزم شەرتی لەدەست چووتە گوڵم
شەوچەرەی شەو بێکەسیم دوو لێوی قەندووتە گوڵم

وێرەگا بێ یان سەحەر، مانگ و هەسارە و خۆر ئەتۆی
کەشکەڵان، زریا، فەلەک دوو چاوی جادووتە گوڵم

وانەزانی زۆر هەوەس بازم، سکاڵای دڵ دەکەم
ئەو پەڕی ئاواتی دڵ ماچێ لەسەر ڕووتە گوڵم

سەیری لەنجەو لارەکەت دەمباتە نێو بەحری خەیاڵ
نەوسە، کوێر نابێتەوە و چاوی لەپەردووتە گوڵم

تێنەگەی شاعیر ئەوینی تۆی لەسەر پێ دەردەچێ
عاشقە و سەوداسەری ڕەش خاڵی زێرووتە گوڵم

نەک بڵێی هەر جوان پەرەست بێ ئەو دڵە دێوانەیەم
شێتی ئەخلاق و ڕەوشت و کردەوە و خووتە گوڵم

یان نەترسی هەر بەماچێ دەست لەعیشقت کاتەوە
موو بە موو بەستراوی پرچ و تاڵەکەی مووتە گوڵم

گوڵبەدەم خرخاڵ لەپێ چاوی بەکل گوارەش لەگوێ
قۆڵ بە بازن سینە پڕ مەرجان و یاقووتە گوڵم

دەفتەری دیوانی «سەعدی» ناوی تۆی لێ دەربچێ
لارەمل هەپڕوون و پێخواس تابڵێی ڕووتە گوڵم

قەندوو: «قەندان»
وێرەگا: «کاتی خۆر ئاوا بوون»
پەردوو: «حجلە»
٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢١ی کوردی
نووسین: سەعدی عەباسی

پەراوێز edit