ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
بە ڕۆیشتنی یاران
شار یێکجار چۆڵە
دیاری بێگانان
بۆ ئێمە خۆڵە

وڵاتمان پڕە
لە نەیاری پیس
پڕ بوە لە خۆفرۆش
نەماون ڕۆڵە

سەریان بڕیوین
بە خەنجەری تیژ
تیغی ژیانمان
نایبڕێ و کۆڵە

تۆ بڵێی رۆژێک بێت
ئێمە بتوانین
لەو ژیانە ڕەشە
بستێنین تۆڵە

وڵات بە خیانەت
پارچە پارچە بوە
ئەوەی خائینە
بەشەر نیە زۆڵە

نیشتیمان و وڵات
بۆ ڕۆڵەکانی شێوەی بەهەشتە
بو نەیارانی
وەک کۆخ و کۆڵە

وڵات بپارێزین
بە مانەوەمان
خۆشی وڵاتی دور
دەنگی دەهۆڵە

لە ئاسمانی خۆم
ئەستێرێک ببینم
نایدەم بە خۆر و
دیتنی شۆڵە

باڵاخانەیێک
لە وڵاتی دوور
هەمووی بە فیدای
قوڕێک کە مۆڵە

ئاگری بێگانە
داری سوتاندم
ژیلەمۆی لاواز
بڵێسە و سۆڵە

نان پەیدا کردن
ئەورۆ ئاستەمە
زۆربەی لاوەکان
چاویان لە کۆڵە

لە بیابانی
وڵاتی عەڕەبان
وشتری نێر کوانێ
هەمووی ئارۆڵە

غەم لەو وڵاتە
بە دەنک نیە
وا لێک هاڵاوە
بۆتە گڵۆڵە

تەنانەت بۆنی
وڵاتی غوربەت
لە لووتی من دا
وەک گوڵی تاتۆڵە

خۆ ڕاگر دەبم
لە نێو مەراقان
تەنانەت تێیدا
ببمە مچۆڵە

بوێری دڵ و
ئازایەتی مێشک
جیاوازی نیە
بۆ کوڕ یا کچۆڵە

بێزاری بە هێز
بە گورزێکی ڕەق
لە پشت سەری دام
ڕێک لە مێشکۆڵە

ڕۆژێک دەگۆرێت
ئەو سوڕ و دەورە
قەناعەتت بێت
لە جیاتی بۆڵە

خەفەت لەو وڵاتە
وەک کێچ دێ و دەچێ
خۆشیش بێ دەنگ و
بێ جم و جۆڵە

بەختت سپی دەبێ
لە وڵاتت نەڕۆی
کۆچ کەی و بڕۆی
بەختت وەک کۆڵە

لە مەزاری وڵات
جوتیاری دەکەم
تێدا دەچێنم
گەنم و مازۆڵە

خاک جێ ناهێڵم
بۆ داگیرکەران
گەر لە جیاتی پڵاو
بخۆم پڕپۆڵە

نیشتیمانی خۆم
جوان دەپارێزم
بە خاکی پاکی
دەکەم بابۆڵە

خوایە بمێنم
ڕۆژێک ببینم
کوردوستانەکەم
هەمووی یێک قۆڵە

بە تیشکی خۆری
ئاسمانی گەش
وەیتوێنێ شەختەی
ئەوەی سەهۆڵە

تەنیا قەڵەمت
نەکا لاڕێ بێ
وشەی چوارشانە
نەکەی بچکۆڵە
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit