ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا نەسیحەت
٧. ژنێک دەناسم
ئەمن ژنێکی دەناسم
بۆ فڕین، ئازادی دەوێ
بەڵام لە ترسی زۆر شت
فڕین لە سەری دەکەوێ

ئەمن ژنێکی دەناسم
بەیانی تاکو ئێوارێ
بە چاوی تەڕ و سوری
بە شێوەی هەور دەبارێ

بۆ عیشق گۆرانی دەڵێ
بە نیگاهی سادە و تەنیای
بە دەنگێکی کز و مات،
ئومێدی داخست لە دنیای

ئەمن ژنێکی دەناسم
لە زۆر شتی ژین پەژیوانە
کە بۆچی دڵی دا بە کەسێک
کە وا زوو بو بە بێگانە

ژنێکیش بە سرتە و بێ دەنگ
کوتی دەرۆم ئەلەو ماڵەی
بڵام کوتی کێ دوا خۆم
ئاگای دەبێ لەو مناڵەی

ژنێک دووگیان لەگەڵ زامە
ژنێک بۆ منداڵ دەناڵی
ژنێکیش پڕ بە دنیاکەی
بێزار لە ژین و حاڵی

ژنێکیش لە تەنیایی دا
بە کاموای غەم چنی شاڵێک
ژنێکیش دەست لە هیچ نادا
تەنانەت، چنینی تاڵێک

ژنێک لە ناو ماڵی خۆی دا
خۆی وەک زیندانی دەبینێ
خۆی بە بێ بەش دەزانێ و
نایهەوێ زیندوو بمێنێ

ژنێک هێندە دڵ ناسکە
بە قسێکی چوک دڵگرانە
ژنێکیش هێندە خاراوە
دەڵێ وەک بەردی بێ گیانە

ژنێک لە نێو فەقێری دا
ژنێک لە نێو ناز و نیعمەت
ژنێک لە نێو شکەنجەکانی
بیر دەکاتەوە لە ڕەحمەت

ژنێک دێشێ پشت و لاقی
بە هاواری گوێ دنیای برد
ژنێک هەموو ژیانی دەردە
دەنگی نەکرد هەتاکوو مرد

ژنێک پێخۆشە بمرێ
ژنێک بە شێعر ئارامە
ژنێک لە نێو کاتەکانی
چاوە ڕوانی هاتنی نامە

ئەمن ژنێکی دەناسم
بۆ مناڵانی دەکا چیڕۆک
هەموو ژیانی هەر بۆ وانە
بۆخۆی کزە وکوو تیرۆک

ژنێک وەکوو چرای ماڵێک
شەوانە بۆ خێزان دایسێ
بەڵام کاتێک کوژایەوە
تاریک دەبێ، کەس نایناسێ

ژنێک سفرەکەی بەتاڵە
خۆی بە شەرمەزار دەزانێ
ناچێ بۆ لای هەموو کارێک
خۆی رسوا ناکا بۆ نانێ

ئەمن ژنێکی دەناسم
دائم خەندەی لە لێوانە
بەڵام لە نێو دەروونی دا
پڕ لە دەرد و غەم و ژانە

ژنێک تەوانی نەماوە
کە بڕوات و خەڵاسی بێ
بۆخۆی دەڵێ دەڕۆم بەڵام
لە دەستی دڵی خەڵاسی نابێ

ژنێک ورەی هێندە بەرزە
سەد جار تاڵی دیت، نەگۆڕا
لە کێبەرکێ ژیانی دا
بە هیچ شەیتانێک نەدۆڕا

ژنێک دەنگی خۆشە بەڵام
نەیان هێشت بیڵێ گۆرانی
بە نێوی حەرام و تاوان
گوشاریان خستە سەر گیانی

ژنێک زەلیل لەسەر جێگا
لە مەرگ ناترسێ و بە جەرگە
مەرگی لە ژیان پێ باشتر
چاوە ڕوانی هاتنی مەرگە

ژنێک کوژرا بە بێ گوناحی
دەیان کوت خوار هات و رۆیی
پیاوێک کوشتی کە بۆخۆی
هەموو عمر بە خواری ڕۆیی

ژنێک لەگەل ئەوینداری
پێک نەگەیشتن، نەیتوانی
ژنێک زەمانە پیری کرد
ئێستاش هۆیەکەی نەزانی

ژنێک لەبەر مناڵەکەی
سەدان جار مرد و هەستاوە
ژنێک لەبەر منداڵ نەبوون
لە ژێر قسەی خەڵک هەڵنەستاوە

ژنێک کە هاو شانی پیاوێک
هاتە سەر دونیای خودایی
کوتیان پیاو لە پێشێ بڕوا
تۆش لە پشت سەر و دوایی

ئەمن ژنێکی دەناسم
لە ناخۆشی دا بەشێکە
بەڵام کاتی دانی میرات
دەڵێن بەشی تۆ لەتێکە

ژنێک گەیشتە کۆتایی و
لە ژیانی دڵنیا بوو
ژنێک ئێستاش نەیزانی
کە بۆچی لەسەر دنیا بوو
وەرگیراو لە شێعری سیمین بێهبەهانی
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit