ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا نەسیحەت
٣٧. ژیانی ئەوڕۆ
دیت چی لێهات ژیانی مە
گیرۆدەی جیاز و ئامێرە

دیتت هەرچی ژن و پیاو و
پیر و گەنجە، لە ژین تێرە؟

کەس هۆشی لە خۆی نەماوە
ماڵی ژیان سەرەو ژێرە

هەمووی ئالودەی مۆبایلە
گشتی بە ئینترنێت فێرە

بە پیلانی کێ بوو ئاوا
ئەو نەکبەتیە هاتە ئێرە

ئەوەی لایکی زیاتر هەبێ
زانا و ئازایە و بوێرە

هەر کەسێک فاڵۆ کرابێ
لە چاوی خەلک، پڕ و تێرە

دەڵێ لە جیاتی قسەی خۆش
پۆست و کامێنتێک بنێرە

خواردنێک، خۆت لە لای نەبی
یا بێتامە یا خۆ سوێرە

درۆ بۆتە چاوساغی گەل
ڕاستی لە ئاست هەموان کوێرە

چەقڵ و دڕوو بووکە شووشەن
ناحەز بون مانگ و ئەستێرە

گشت چڕ و چاوی عەمەلیاتە
دەست بە داوێنی فیلتێرە

خەو بۆ کەس مانای نەماوە
داوێژی خەونیش بێ خێرە

گەورە و بچووکی ئاستی نزمە
مناڵیش گشتی بێسێرە

ئامۆژگاریت لێ وەرناگرن
هەمووی دەڵێی کەڵەشێرە

لە قسان دا پڵاوی سەدری
لە بەرامبەر دا پەزێرە

لە ڕاستی دا پووشی سووکە
لە مەجازی دا چلمێرە

نێوانی باشی و خەراپی
تەنیا لە قیاسی داربێرە

کەس جیاوازی هیچ نازانێ
کەرتەشی یا گوڵە شلێرە

جیهان بەرەو نەمان دەڕوا
حکایەت نیە بە پێی گوێرە

جیاوازی تێدا نابینم
نە ئەلێرە و نە ئەلوێرە

ڕەگەز بۆتە پێچەوانە
نێر بۆتە مێ و مێکەش نێرە

ئاسۆی ڕوونیش ڕەش هەڵگەڕا
خۆریش ڕۆیوە بەرەو وێرە

لە نێو جیهانی مەجازی
تەنانەت تەنەکەش زێڕە

کوڕەکان هەموو قوڵ و بازوو
کچەکان پڵینگ و ماسی و سێرە

ژیان ئاوا بڕواتە پێش
مرۆڤ حۆل و گێژ و هێڕە

بێ مێشکەکان دەبنە میرزا و
مەرگی جوتیار و ئاوێرە
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit