ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا نەسیحەت
١٤. دیلیەتی
کاتی فڕینم بەرەو ئاوات
قرتاندیان باڵ و پەڕم
گوتیان وەڵا بۆ تۆمانە
پێیان وابوو گێژ و مەڕم

ئاواتیان لەبیر بردمەوە و
هەڵفڕینیان لێ هەستاندم
ئامانجم لێ بوو بە خەون
لە هەموو ژیانیان وەستاندم

بە بێ باڵی کەوتمە حەرز و
ئەوجار لێیان ستاندم نەفەس
لە چوارگۆشێکیان هاویشتم
ئەوان پێیان دەگووت قەفەس

نان و ئاویان بۆ دادەنام
وەیان زانی ماف هەر خووانە
مێشکیان ژەنگاوییە و دەڵێن
دیلی ئیشی سەرکەوتووانە

باڵی قرتاو دەڕوێنەوە
مەیلی فڕین و چوون گەشەیە
بیری ئازادی باڵەندە
بۆ بەندیوان هەڕەشەیە

پێش دەگرن لە ماف و هەستت
پێش دەگرن لە بیر و بۆچوون
پێش دەگرن لە پێشکەوتن و
هانیشت دەدەن بۆ ڕۆچوون

ناتوانێ خوو بگرێ بە بەند
ئەو باڵندەی ئازاد ژیاوە
ئازادی مافی گشت کەسە
جیاوازی نیە ژنە، پیاوە

چەشەی ئازادی دڵخوازە
جارێک بیچێژی تەواوە
باڵانت مەدە بە نەیار
موحیبەتی درۆ وەک داوە

دەستێک بە سەرت دادێنێ
دواتر لێت دەکا بە چەپۆک
ئەو وەسیەتە لە من ببیستە
لەبەر دەستی دا ببە واپۆک

داپاچی کە لقی لاڕێ
بژار کە هەژگەڵی هەستت
تا لە کەسێک دڵنیا نەبووی
ڕوونی مەکەوە مەبەستت
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit