ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
بریا زانیبات چاوی تۆ
ئەستێرەن بۆ شەوەکانم
بەڵام شەوانی بێ تۆیی
گوشار دێنن بۆ نێو گیانم

بریا زانیبات هەناسەت
فێنک بون وەکوو شنەبا
بەڵام لەوکاتەی تۆم نیە
وەک تۆفانی بێ ئامانم

بریا زانیبات خەیاڵت
وەک خە ونێکی شیرن وایە
لە تەعبیری ئەو خەونە دا
نەماو و ورد و وێرانم

نە مانگەشەو، نە کاتی خەو
نە دەستی گەرمی ڕۆژەکان
نە قژی ئاڵۆزی شۆرە بی
کم ناکەن لە غەمەکانم

وەک تاقە دارەکەی حەوشە
هەست بە دڵتەنگی زۆر دەکەم
وەک باڵەندێکی باڵ قرتاو
ئەسیری بەند و زیندانم

من وەک پێنووسی شکاوی
شاعیرێکی عاشقم
تۆش وەک لاپەڕێکی دڕاو
لە دەفتەری شێعرە کانم

وەک گەڵای زەردی پاییزم
لە ژێر لاقی ڕێبوارەکان
وەک گولێکی بێ دەسەڵات
هەڵقەندراو و بێ گیانم

بە ڕۆژ شەوم بە شەو ونم
بە ئەستیرە دەڵیم چرا
بە مانگیش دەڵیم پەپولە،
نازانم بوای لێهات ژیانم

نە شێتم، نە سەر لێ شێواو
نە گێژم و نە سەرسەری
کاتێک هەناسەیێک نەبێت
دایمە خەریکی خنکانم

کاتێک هەنگاو لە دوات نایەن
تەمەن لێت دەبێتە دوژمن
لە سوچێکی دادەنیشم
باوەش دەکەم ئەژنۆکانم

چنگ دەکەم بە تاڵی قژم دا
وەک مەجنونێکی بێ لەیلا
زۆر بە هێواشی دەنگم دێت
داخراوە زار و زمانم

خەیاڵی تۆ قەت ون ناکەم
با هەر پێم بڵێن شێتی
با هەر سوک بم لەبەر چاوان
بەڵام ئارامە ویژدانم

بریا زانیبات دەڵێم چی
و چی لە نێو دڵم دایە
بریا زانیبات تۆ نەبی
نامەوێ تەنانەت گیانم
ڕێبەندان ١٣٩٨
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit