ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
جوانی تۆ وەک نیگارەیە
ڕوخسارت کێشراوەتەوە
جوغرافیاشت لێک داوە
باوەشم بۆت کراوەتەوە

مێژوو بێ تۆ کەلاوەیە
فیزیک گەشی چاوەکانتە
حیساب ناکرێ خۆشویستنت
غەم لە دڵم سڕاوەتەوە

عیلمی نجوم چاو و بڕۆت
ئەلف و بێ وشەی ناوی تۆ
دارستانی خەیاڵاتم
لە تاوی تۆ بڕاوەتەوە

دەست کورتی هەموو دونیا بم
کە تو هەبی خاوەن زەویم
تەواوی هەست و ژیانی من
بۆ تۆ بێ دراو، کڕاوەتەوە

نەناس بووم و لە گۆشێک دا
بە کز و ماتیم ژیان دەکرد
بەڵام بانگەوازی عەشقم
دەوری دونیای داوەتەوە

تەکنۆلۆژی چرکە چرکە
هەر دەم بەرەو پێشێ دەڕوا
بەڵام دڵی من لە تاوی تۆ
لە ڕابردوو ماوەتەوە

باسی مەجنون وەسفی فەرهاد
وەکوو داستان نەقڵ دەکرێن
لەوەتا عەشقی منیان دیوە
ئەوان پاڵیان داوەتەوە

سەدان شێعرم بۆ نوسیوی
وشە وشە باسم کردوی
کە چۆنت گیرۆدە کردم
بەو پرچ و قژە خاوەتەوە

گوڵ لە چاوی گوڵە باغەکەم
نە بۆن و نە ڕەنگی نیە
لە نێوە راستی باغی دڵ
سورە گوڵێک ڕواوەتەوە

فێنکایەتی بەرە بەیان
وەک هەناسەکانت دەچن
بەسە دوری نێزیک بەوە
گیان بێ تۆ سوتاوەتەوە

سرووشت غیرەییت پێ دەکا
جوانیت سەری دونیای گێژ کرد
قژت بە سەر شانانت دا
وەک ئاو هەڵدێر ڕژاوەتەوە

لەسەر وەسف کردنی جوانیت
لێنووس کەم دێ، پێنووس دەشکێ
ئەوە بزانە لە تاوی تۆ
هێمن تەنیا ماوەتەوە
٨ گوڵانی ١٤٠٠
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit