ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
لە لاپەڕەی ناسینی تۆ
خەت بە خەتی لەبەر دەکەم
بێ خوێندنەوە شارەزام و
بە تەواوی لێی تێ دەگەم

ئارەزووم باوشی تۆیە،
باوەشێکی توند و بە هێز
بەڵام خۆتمان لێ ون دەکەی
بە شێوازی دورە پەرێز

سجن له ناو دڵی تۆ دا
خۆشترین شێوەی دیل بوونە
مردن لە پێناو عەشقت دا
جوانترین بەرەوپیل چوونە

کاتێک دەنگت دەبێتە
ئاوێتەی گوێم دڵ گەش دەبم
کاتێک ڕووت لە لام نیە
لە هەناسە بێ بەش دەبم

لە ژێر باری قورسی دووریت
کرتە کرتی ئێسکانم دێت
دائمە لە خوا داوا دەکەم
کە یارم بۆ جێژوانم بێت

تامی بێ تۆ بوون سوێرە
ڕێک لە تامی خۆێ دەچێ
بیر وخەیاڵ گەر تو نەبی
نازانێ بۆ کوێ ئەچێ

دیتنت فەرز و پێویستە
وەکوو ڕۆژوو گرتن و نوێژ
نەدیتنت چاو کوێر دەکا
دیتنی دونیا بێ تام و چێژ

یادت بۆ مێشک مەرهەمە
و زامانم دەکا ساڕێژ
تەنانەت پیاوی زاناش بێ
لە تاوی تۆ هێڕ دەبێ و گێژ

بە هاتن و گەرانەوەت
دڵ بێ هیوایە و ڕەش بینە
بەڵام ڕەقیب بۆ لەگەڵ تو
بوون گەش بینە

بێ دەنگیت وا لە گۆێم ئەدا
وکو بەرد کە لێی دەدری نوێڵ
جیهان لە ژێر لاقانم دا
دەبێتە حەرزێکی شوێڵ

پرچت ڕەشێکی تۆخە
وەک پەڕ و باڵی قشقاڕە
دەنگت مێلودی سروشتە
وەک قاسپەی دەنگی کەوباڕە

بۆ شێعری پر لە هەستی من
پێویستی وەک پەڕ و پێنووس
خۆزگە دونیا هەزاران وەک تۆی
هەبوایە و کرابای روونووس

من تۆم دیتەوە و کەشفم کرد
وەک کاشفێکی روشەن بیڕم
تۆش وەرە سەر هەڵوێستی من
و ببە هاودەنگ و هاو بیرم

نازی تۆ وەکوو ئەڵماسە
بە بایخە، ئەبیە فرۆشیار؟
لەسەر دەستت دەمێننەوە
کەس پێ ناکڕێن خۆمم کریار

لە سەفەری درێژی تەمەن
ونم لە تو، دەر بە دەرم
لە ناو عیشقی یێک لایی تۆ
تەنیا هەر منم رەنجبەرم

شێوازی خۆشویستن تۆ
فۆرمۆڵی کیمیا و فیزیکە
فەرامۆشیت ئەفسانەیە و
با باسی نەکەین چی دیکە
٢٣ خاکەلێوە ١٣٩٩
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit