ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
هێمن تەنیا چەند لاپەڕە خۆشەویستی
٤١. پرسیاری ناس ناوم
هەر شەقاری سەر سەمەنم
سەدان بیرەوەری سەرکز
خۆی لە وێدا حەشار داوە

لە هەر تاڵی سپی ڕدێنم
هەزاران غەمی نەکوتراو
شێوەی لاولاو خۆی باداوە

باسی کزی چاوم ناکەم
یا لەرزۆکی دەستەکانم
با نەڵێن پیر و خەرفاوە

پێنگاوم ناینە ڕۆیشتن
شێوەی دارێکی پڕ ئەزمون
سەرتوولەکانم قرتاوە

لە بڵیندایی لووتکەی ئاوات
پێش ئەوەی کەسێک سەرکەوێت
هیوابڕاوی من حەساوە

بێ وەی کە بوومەلەرزە بێت
باڵاخانەی داواکانم داخرمان و
گشت نهۆمەکەی ڕووخاوە

چوارگۆشەی ڕووپەڕی هەستم
بە چڕنووکی داڵی برسی
سانت به سانتی ڵێی ڕۆۆشاوە

عەشق و ئەوین و دڵداری
ڕۆمانێکی نادیار بو
لە من بۆ کەس نەخوێندراوە

چاوە ڕوانی بوە برابەشی
دەمووکەکانی ژیانم و
چاو وشک هەڵات بە دەرگاوە

تەلاسم کرد لە ناخۆشیان
تەپلۆسیشم بۆ خۆشیەکان
خەفەتی لە دڵم دا ماوە

ڕابردووم ئەسپێکی سەرکێش
ئێستاشم گورگێکی دڕنەو
داهاتووش ماری سڕ کراوە

لە گۆڕەپانی خەندە و گری
شەڕێکی قوورس هاتە ئارا
خەندە لە وێ دا دۆڕاوە

کوێرایی بە ڕۆژ داهات
شەو بوو بە هەوێی مانگەشەو
چرای ڕووناکی کووژاوە

قەبووڵ کردنی ئیقباڵی ڕەش
ڕاهاتن لەگەڵ بەختی پووک
لە سەرەتا نەنووسراوە

دیارە کە بۆخۆم ویستوومە
ئەو رێکلاشە ژیانەم هەبێ
گازەندەم بە کەس نەداوە

سێ منداڵم لە ژیان هەبوو
عەشق، خۆشی، بەختەوەری
ئەوانم بە دڵ نێو ناوە

عەشق ون بوو نەمدیتەوە
خۆشی بە نەخۆشی مرد و
بەختەوەریشم کوژراوە

ناسناوی شاعیریم ڵێڵە
بۆ داژدارانم پرسیاره
تا ئێستا بۆم جواب نەدراوە

لە تەواوی شێعرەکانم
خەفەت شێوەی پشتێندێکە
لە نێوقەدی من هاڵاوە

ئەوجار زانیتان کە بۆچی
ڕواڵەتم پیری لێ نیشت و
تەنیام بە شێوەی ناسناوە
٦ ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit