ئاڵەکۆک

هێمن تەنیا add_a_photo
تاڵێک لە سمێڵی پیاوانەم
تێکەڵی قژانت دەکەم
سەد ووشەی نەبیستراوەی خۆش
ئاراستەی چاوانت دەکەم

چوارچێوەی دڵی تەنیامت گرت
ئەسکەندەری ڕێگای ئەوین
فەرمان و دەستووری تۆ بێت
گیانیش بە قوربانت دەکەم

لە پەڕتووکی چەند لاپەڕی
وشە وشە باسی تۆیە
سەدان کتێبی دیکەش بنووسم
وەسفی باڵای جوانت دەکەم

سامان و داراییم ئەتۆی
بێ تۆ نەدار و بێ بەشم
گشت دنیا کۆ دەکەمەوە و
فەڕشی ژێر لاقانت دەکەم

لە هۆڵی ماڵی دڵداری
ساحەب ماڵ تۆی بانگهێشتم کە
لە بیانووم به دیداری تۆ
زوو خۆم بە میوانت دەکەم

گیانم حەڵاڵی ئەوینتە
بیستێنی یا پێم ببەخشی
دڵۆپ دڵۆپ خوێنی دڵم
ئالودە و حەیرانت دەکەم

پیت و دەق و ڕەستەی شێعرم
بۆ وەسفت ماندوو نەناسە
هێدی هێدی بووم بە شاعیر
خاوەنی شێعرانت دەکەم

بە هێمنی دڵت بردم
بە خێرایی گیرۆدە بووم
هەموو دنیام پاکی بوبێت
فیدای یک تاوانت دەکەم

پێش هاتنت من تەنیا بووم
دڵگەش بووم کە کۆتایی هات
بەڵام لە بەختی ڕەشی خۆم
هەر یادی جارانت دەکەم

پیری و کۆتایی تەمەنم
خەڵاتێک بوو لە لای تۆ ڕا
یادی دەگمەنی بۆنی تۆ و
یادی هەست و نازانت دەکەم
نووسین: هێمن نیک بین

پەراوێز edit